کەسایەتییەکی ناسراو لە بەسرە بە تەقەی خۆشی کوژرا

22-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەسایەتییەکی ناسراوی هۆزی بەنی مالیک لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا بە تەقەی خۆشی کوژرا. بکوژ خۆی رادەستکرد.
 
عەزیز هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای بەسرە، رۆژی شەممە 22-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ لە بەسرە لەکاتی ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا تەقەی خۆشی کرا و گوللەیەک بەر رەحیم غانم ئەبو زیاب مالیکی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی هۆزی بەنی مالیک لە پارێزگای بەسرە کەوت و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیس پارێزگای بەسرە، دوای رووداوەکە تەقەکەرەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
 
ئێستا حکومەتی عێراق چەکی هاووڵاتییان تۆماردەکات و دەیکڕێت. پرۆسەکە بە چەند قۆناخێک بەڕێودەچێت.
 
قۆناخى یەکەم لە کانوونى دووەمى 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 31-12-2024 بەردەوام دەبێت، تێیدا ئەو چەکە سووکانە تۆماردەکرێن کە هاووڵاتی هەیەتی و مۆڵەتی وەرگرتنی پێدەدرێت.
 
بە گوتەی زیاد قەیسی، گوتەبێژى لیژنەى رێکخستن و سنووردارکردنى چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو، "هەر هاووڵاتییەکی عێراقی مافی هەیە چەکێکی سووکی هەبێت: کڵاشینکۆف، دەمانچە یان چەکی راو."
 
697 ناوەند لە بنکەکانی پۆلیس لە پارێزگاکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی چەک کراونەتەوە.
 
قۆناخی دووەم کە بریتییە لە کڕینی چەک لە 01-05-2024 دەستیپێکردووە. زیاد قەیسی دەڵێت، "دوو ملیار دینار بۆ پارێزگای بەغدا و ملیارێک دینار بۆ هەر پارێزگایەکی دیکە بۆ کڕینی چەک لە خەڵکی تەرخانکراوە."
 
لیژنە پێکهێندراوە بۆ پشکنینی ئەو چەکانەی دەکڕدرێن و 3 بۆ 5 ملیۆن و 900 هەزار دینار دەرێتە خاوەن چەک. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت: "بەگوێرەی خاوێنیی چەکەکە، پارەکە لەنێوان 3 بۆ 5 ملیۆن و 900 هەزار دینار گۆڕانکاری بەسەردا دێت."
 
قۆناخى سێیەم چەک داماڵین لەدواى کڕینى چەکى مامناوەند دەبێت. ئەو کات هێزە ئەمنییەکان دەست بە پشکنین و گەڕان بەدواى چەک و وردبینی لە مۆڵەتى چەک هەڵگرتنى هاووڵاتییان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 3-12-2024. وێنە: هەڵکەوت عەزیز - رووداو

لادانی هەمواری یاسای بودجە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی پەکخست

بە نوسراوی سەرۆکی لیژنەی دارایی بڕگەی خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان لابرا. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت: دوای لادانی بڕگەکە پەرلەمانتارانی کورد دانیشتنەکەیان جێهێشت.