رووداو دیجیتاڵ
حاجییانى ئێران لە رێگەى وشکانییەوە بە عێراقدا دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان کە ژمارەیان نزیکەى 75 هەزار کەسە، ئەوەش بەهۆى داخستنى ئاسمانى وڵاتەکەیان بەڕووى گەشتى ئاسمانیدا.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە رووداوى راگەیاند: "رێوشوێن گیراونەتەبەر بۆ پێشوازیکردن لە حاجییانى ئێران لە رێگەى دەروازەى عەرعەر لەگەڵ عەرەبستانى سعودیە، تاوەکو بە رێگەى وشکانى بەنێو خاکى عێراقدا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان".
لە 13ـى حوزەیرانەوە بەهۆى دەستپێکردنى جەنگەوە لەگەڵ ئسرائیل، ئێران ئاسمانەکەى بەڕووى گەشتە ئاسمانییەکان داخستووە.
عەلى جەهانگیر رایگەیاند: "گەڕانەوەی ئەو حاجییانە دەستی پێکردووە و هەندێکیان لە نەجەف و کەربەلا شوێنى حەوانەوەیان بۆ دابین دەکرێت، بەر لە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان. وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران بەشدارە لە لیژنەى سەرپەرشتیارى پێشوازیکردن لەو حاجییانە".
ئەم ساڵ ژمارەی حاجییان بۆ سعودیە یەک ملیۆن و 637 هەزار و 230 کەس بوو کە یەک ملیۆن و 505 هەزار و 576 کەسیان خەڵکی وڵاتانی دیکە بوون.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند: "هەندێک حاجى دیکەى ئەفغانستانى و پاکستانى لە رێگەى عێراقەوە دەچنە ئێران بۆ ئەوەى لەوێوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ