جەنگی ئێران و ئیسرائیل هێشتا جووڵەی بازرگانیی بەندەری ئوم قەسری رانەگرتووە

22-06-2025
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە
بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، جووڵەی بازرگانی لە بەندەری ئوم قەسری پارێزگای بەسرە بەردەوامە. کەشتییە گەورە و زەبەلاحەکان لە هاتووچۆدان و بارهەڵگرەکان نەوەستاون، بەڵام ئەم جووڵەیە بێ مەترسی نییە و وەک یەکەم کاریگەریی گرژییەکان، تێچووی بیمەی دڵنیایی گواستنەوەی کەلوپەل لە رێگەی دەریاوە بۆ عێراق، بە رێژەی 60% زیادیکردووە.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (کانوونی دووەم تاوەکو نیسان)، 1025 کەشتیی بازرگانی لە بەندەرەکانی عێراق (ئوم قەسر، مەعقەل، خور زوبێر و ئەبوفلوس) لەنگەریان گرتووە و زیاتر لە 680 هەزار تۆن باریان گواستووەتەوە. داهاتی بەندەرەکانیش لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 418 ملیار و 260 ملیۆن دینار.
 
بەڵام بەردەوامیی ئەم جموجووڵە پەیوەستە بە دەرەنجامی ئەو شەڕەی 10 ئاسمانی عێراقی بەڕووی گەشتی مەدەنیدا داخستووە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا کاریگەریی لەسەر خاڵە سنوورییە ئاوی و وشکانییەکان نەبووە.
 
عەلی سەلمان، کاپتنی دەریاوان لە بەندەری ئوم قەسر، هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەر دەستوەردانی ئەمریکا و وڵاتانی بیانی دژی ئێران رووبدات، یان هاوکاریی ئیسرائیل بکرێت، بە دڵنیاییەوە ئێران دەتوانێت ئامانجی دەریایی لە کەنداو بپێکێت. لەو کاتەدا رەنگە جووڵەی بازرگانی بە تەواوی بووەستێت، نەک تەنیا کەم بکات، چونکە هیچ کاپتنێک ئامادە نییە کەشتییەکەی بکاتە قوربانی و بیباتە نێو ناوچەی شەڕ."
 
لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە ئارامە، بەڵام بەرپرسانی ئەمنیی بەسرە نیگەرانن. عەقیل فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا جووڵەی کەشتییەکان و بازرگانی کارایە، بەڵام ئەگەر عێراق ببێتە بەشێک لە ململانێکە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەندەرەکان و دەروازە وشکانی و ئاسمانییەکانیش دەبێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، بازرگانان هێشتا بە ئاسایی کارەکانیان دەکەن، بەڵام چاویان لە گۆڕانکارییەکانە.
 
بازرگانێک لە بەندەرەکەدا بە رووداوی گوت، "کاری ئێمە وەک رابردوو بەردەوامە، بەڵام پێموایە ئەو کۆمپانیایانەی کەلوپەلی گرانبەها هاوردە دەکەن، رەنگە نیگەران بن. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیاکانی بارکردن لە چین، راستەوخۆ کەلوپەلەکان ناهێننە عێراق، بەڵکو لەڕێگەی ئیماراتەوە دەیگوازنەوە، کە ئەمە رەنگە هێڵێکی سەلامەتتر بێت."
 
هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی جموجووڵی بازرگانی لە بەندەرەکان ئەوەیە تاوەکو ئێستا لایەنە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق هیچ کاردانەوەیەکی سەربازییان بەرامبەر گرژییەکان نەبووە. هەر کاردانەوەیەکی چەکداری لەلایەن ئەو گرووپانەوە، پێشبینی دەکرێت راستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری و بازرگانی لە بەندەرەکانی بەسرە دروست بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە