رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە و نێوخۆى عێراق کۆدەبێتەوە، ئەوەش دواى هێرشەکانى ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران.
کۆبوونەوەکەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى ئەمشەو لە بەغدا دەبێت. عەقیل ردێنى، سەرکردە لە هاوپەیمانیى نەسر بە رووداوى گوت: "کۆبوونەوەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆبووەنەوەیەکى لەناکاوە بۆ تاوتوێکردنى لێکەوتەکانى بۆردوومانى وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران لەلایەن ئەمریکا و زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە".
بەرەبەیانى 22ـى حوزەیرانى 2025، فڕۆکە سەربازییەکانى ئەمریکا هەر سێ وێستگەى ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لە کۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆردوومان کرد.
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان دەکرێت دواى بۆردوومانەکەى ئەمریکا و چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان، بەتایبەت کە ئەمریکا لە عێراقدا دوو بنکەى سەربازى هەیە".
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى زۆرینەى لایەنە شیعەکان جگە لە رەوتى سەدر لەخۆدەگرێت، زۆینەى حکومەتی عێراقیان بەدەستەوەیە.
رەحیم عەبوودی رایگەیاند: "چوارچێوەى هاوئاهەنگى تاوتوێى هەموو ئەو پرسانەش دەکات کە پەیوەندیدارن بە نێوخۆ بۆ رێکخستنەوەیان، لەوانەش ئەو کێشەی لە دادگەى باڵاى فیداڵى روویدا".
رۆژی پێنجشەممە 19-06-2025 شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگەی باڵای فیدراڵی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ