رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری لە رۆژئاوای نەینەوا راگەیاند، کە بە گوتەی دەزگاکە، "تۆمەتبارەکان خۆیان وەک راوێژکاری سەرۆکوەزیران نیشان داوە و پارەیان لە ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێزدیی سنووری نەینەوا وەرگرتووە."
رۆژی سێشەممە، 22ی تەممووزی 2025، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو تۆمەتبارانە بەڵگەنامەی ساختەیان بەکارهێناوە کە ناوی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی بەرگرییان لەسەر بووە، گوایە ئەو هاووڵاتییانە لە هێزێکدا دادەمەزرێنن بەناوی (حەشدی سەربازی)."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی، "تۆمەتبارەکان بڕی 500 هەزار دیناریان لە هەزار و 200 هاووڵاتی ئێزدی وەرگرتووە، کە گوایە ئەو پارەیان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بووە."
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، "دوای دەرکردنی فەرمانی دادوەری لە دادگەی لێکۆڵینەوەی نەینەوا، تۆمەتبارەکان دەستگیرکران، لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا ژمارەیەک بەڵگەی تاوانکاری و بەڵگەنامەی ساختەشیان پێبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ