سەدام چ خواردنێکی لەگەڵ خۆیدا بردبووە ئەو چاڵەی کە تێیدا دەستگیرکرا؟

22-08-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سەدام حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
"چەند رۆژێک بەر لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2003، ئەو باسترمەیەم برد بۆ کۆشکی کۆماری، کە سەدام حوسێن حەزی لێیبوو. هەرچەندە من چەندین ساڵ بوو وازم لە کارکردن لە کۆشکی کۆماری هێنابوو، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ کۆشکدا مابوو. بەردەوامبووم لەسەر بردنی ئەو خواردنانەی سەرۆکی کۆچکردوو حەزی لێیان بوو".
 
ئەمە قسەکانی شێفە کەسییەکەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقە، لە میانی کتێبێکدا بە زمانی پۆڵەندی بەناوی 'لەسەر خوانی دیکتاتۆر' کە لەماوەی رابردوودا بڵاوکراوەتەوە.
 
شێفەکە بەناوی خوازراوی "ئەبوو عەلی" لە کتێبەکەدا قسەیکردووە، دەگێڕێتەوە کە وێنەی ئەو باسترمەیەی لە نێو حەشارگەکەی سەدامدا بینیوەتەوە کە خۆی دروستیکردووە، ئەمەش لە میانی ئەو وێنانەدا کە هێزەکانی هاوپەیمانان، لە دوای دەستگیرکردنی سەدام حوسێن لە مانگی کانوونی یەکەمی 2003دا بڵاویانکردەوە.
 
ئەو وێنانە، وەک خۆی دەڵێ زۆر یادەوەرییان لە بیری ئەودا ژیاندەوە. ئەبوو عەلی لە کتێبی 'لەسەر خوانی دیکتاتۆر" کە قسەی بۆ نووسەرە پۆڵەندییەکەی کتێبەکە کردووە بەناوی زابلۆڤسکی.
 
 نووسەرەکە لەو کتێبەدا قسەی لەگەڵ چێشتلێنەرانی پێنج سەرکردەی دیکەی "تووند"دا کردووە، کە هەموویان شیفی تایبەتی سەرکردەکان بوون لە وێنەی ڤیدڵ کاسترۆ، سەرۆکی پێشووی کوبا، عیدی ئەمین، سەرۆکی پێشووی ئۆگەندا، پۆل پۆت، سەرۆکی کەمبۆدیا و ئەنوەر خۆجەی سەرۆی ئەلبانیا.
 
یەکەم تاقیکردنەوە
 
ئەبوو عەلی، وەک فەرمانبەر لە وەزارەتی گەشتوگوزاری عێراق کاریدەکرد، کاتێک سەدام حوسێن داوای لێکرد پارچەیەک گۆشتی بۆ ببرژێنێت. ئەمە تاقیکردنەوەی یەکەم بوو، گۆشتەکەی ئەبوو عەلی بەدڵی سەرۆکی عێراق بوو، دیارییەکی دایە کە بڕێک پارە بوو، دواتر داوای لێکرد ببێتە یاریدەدەری شێفی سەرۆک، بەرلەوەی دوای چەند ساڵێک، ببێتە شێفی سەرەکیی سەرۆک.
 
نووسەرەکە لە ئەبوو عەلی پرسیوە، ئەوکات دەتتوانی داواکەی سەدام رەتبکەیتەوە؟ شێفەکە دەڵێ: "لە راستیدا نازانم، بەڵام من نەمویست هیچ هەوڵێکی ئاوها بدەم و بەکارەکە رازیبووم".
 
ئەبوو عەلی لەگەڵ تیمێکی چێشتلێنەرەکاندا کاریدەکرد، کە هەندێکجار ژمارەیان دەگەیشتە 12 کەس، لە نێویاندا دوو کەس تایبەتبوون بە ئامادەکردنی خۆراک بۆ ساجیدەی هاوژینی سەدام حوسێن.
 
لەسەرەتاوە وەک ئەوەی چێشتلێنەرە عێراقییەکە باسیکردووە، کارەکە ئاسان نەبوو، چونکە نەدەزانرا سەرۆک حەزی بەچ جۆرە خۆراکێکە؟ بەچ شێوازێک لێنرابێت، ئایا ئەو خۆراکەی بەدڵ بووە یان نا. هاوکات ئەگەر خواردنەکانی بەدڵ بووایە، پاداشتی شێفەکانی دەکرد. ئەبوو عەلی وایگیڕاوەتەوە.
 
سەدام چۆن مامەڵەی لەگەڵ شێفەکانیدا دەکرد؟
 
سەدام حوسێن نزیکەکانی خۆی -لەنێویاندا چێشتلێنەرەکان- نوقمی دیاری و کەرەستەی گرانبەها دەکرد. ئەبوو عەلی لە بیریەتی کە هەموو ساڵێک، قاتی پیاوانەی گرانبەهای دروستکراوی ئیتاڵیای پێدەدرا. تەنانەت بەرگدرووە ئیتاڵییەکان بەتایبەت دەهاتنە عێراق، بۆ ئەوەی پێوانەی جەستەی کارمەندەکانی کۆشکی کۆماری بکەن و دواتر قاتیان بۆ بدوورن.
 
لەبارەی ئەو خواردنانەوە کە سەدام حوسێن حەزی لێیانبوو، وەک ئەو دەڵێ زۆرینەیان خواردنی عێراقی بوون، وەک شلەی بامێ، شۆربای نیسک. شۆربای تایبەت بە ماسی ئەو ناوچەیەی تێیدا گەورەبوو بوو لە نزیک تکریت. 
 
ئەبوو عەلی پێویست بوو فێری دروستکردنی ئەو خواردنە ببێت کە پێشتر شارەزای ئامادەکردنی نەبوو. هەروەها برژاندنی ماسی لەسەر ئاگر، کە بەشێوەی مەسگوفی عێراقی بەناوبانگە، لە خواردنە دڵویستەکانی سەدام حوسێن بوون.
 
ئەبوو عەلی، وردەکارییەکانی پاراستنی ئاسایشی خۆراکی سەدام حوسێنی بینیووە، لە نێویاندا دابینکردنی ئاسایش بۆ خۆراکەکەی. ئەبوو عەلی دەڵێ هەرگیز سەرۆک هیچ خواردنێکی تام نەدەکرد، پێشئەوەی تیمە ئاسایشەکەی و پاسەوانەکانی پێشتر لێی نەخۆن، ئەمەش بۆ خۆ پاراستن لە هەر هەوڵێکی ژەهراویکردنی.
 
لە نێو ئەواندا کە بەر لە سەدام، تامی خواردنەکانیان دەکرد، کامل حەنا، یەکێک لە پاسەوانە دڵسۆزەکانی سەدام، کە ساڵی 1988 عودەی کوڕی سەدام کوشتی، دوای دروستبوونی ناکۆکی لە نێوانیاندا لە ئاهەنگێک کە حەنا سازیکردبوو.
 
شێفەکە دەگێڕێتەوە کە سەرۆکی پێشووی عێراق، هێندە حەزی لە خواردنەکانی بووە، چێشتی ئەوی لەگەڵ خۆیدا دەبرد بۆ بەرەکانی شەڕ لە کاتی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە 1980 تا 1988.
 
رووداوە سەیرەکان
 
ئەبوو عەلی هەندێک رووداوی خۆشی لە بیرە کە لەگەڵ سەرۆکی عێراقدا روویداوە. لەوانەش کاتێک سەدام سووربوو لەسەر ئامادەکردنی کوفتە بۆ میوانەکانی بەدەستی خۆی، لە میانی گەشتێکدا بە بەلەم لە رووبارەکانی عێراق، سەدام حوسێن بەهاراتی تیژی زۆر کردە ناو کوفتەکەوە، بەڵام هیچ کام لە میوانەکان نەیانوێرا بە سەرۆکی عێراق بڵێن، تیژییەکە وایکردووە خواردنەکە کەڵکی نەماوە.
 
ئەبوو عەلی ئاشکرایکردووە کاتێک سەدام پرسیاری لەبارەی تامی کوفتەکەوە لێکردووە، ئەو راستگۆیانە رای خۆی گوتووە و بەوەش لەسەر راستگۆییەکەی، لەلایەن سەرۆکەوە پاداشتی ماڵی کراوە.
 
نووسەری کتێبەکە، زیاتر لە سێ ساڵ، سۆراخی شیفی سەرکردەکانی کردووە، وەک ئەو دەڵێ هەموویان لەوە دەترسان قسەم بۆ بکەن، هەرچەندە چەندین ساڵ بوو سەرۆکەکانی ئەوان مردبوون.
 
نووسەرەکە دەڵێ شێفەکان لە رۆژانی کارکردنیاندا، چەندین رووداوی ناخۆشیان بەچاوی خۆیان بینیوە، لە نێویاندا هەندێکیان بەندکراون و ئەشکەنجە دراون بە هۆکاری جیاواز، لەوانەش ئەو خۆراکانەی کە دروستیان کردووە و بەدڵی سەرۆکەکان نەبووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەکە

سوودانی پرسی کشانەوەی کۆمپانیای لووک ئۆیل و ئاستەنگەکانی کەرتی نەوت تاوتوێ دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای تایبەت بە کەرتی نەوتی کرد؛ تێیدا پرسی کشانەوەی کۆمپانیایەکی رووسی و کاریگەرییەکانی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر ئابووریی عێراق و جیهان تاوتوێ کران.