رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق روونکردنەوەیەکی لەسەر دۆسیەی ئەو پیاوەی پارێزگای بابل بڵاوکردەوە، کە گوایە ژنەکەی خۆی کوشتووە و سووتاندوویەتی، بەڵام دواتر دەرکەوت ژنەکە زیندووە و پیاوەکە لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی ئەفسەرێکی لێکۆڵینەوەدا گوتەی لێوەرگیراوە.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئەیلوول بڵاوکرایەوە هاتووە: "وردەکاریی ئەو دۆسیە ئەوەیە، کە هاوژینی ئەو پیاوە لە کاتی سەردانی بۆ یەکێک لە مەزارگە پیرۆزەکان دیارنەماوە و پیاوەکەش پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هەڵسوکەوتی تاکەکەسیی ئەفسەرێکی لێکۆڵینەوە ناپیشەییانە بووە و هیچ پەیوندییەکی بە کاری پۆلیسی و بەهای رەوشتییەوە نییە، ئەوەش وایکردووە بابەتەکە رێرەوێکی دیکە بگرێتەبەر دوور لە هەموو تۆمارەکانی وەزارەتی ناوخۆ".
هەر لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، کە وەزارەتی ناوخۆ بەدوای ئەو بابەتەدا دەچێت و بە وردی کاری لەسەردەکات و لێژنەیەکی باڵای دروستکردووە بۆ گێڕانەوەی مافەکانی ئەو کەسە و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمەکان بۆ ئەوەی ببنە پەند بۆ ئەو کەسانەی دیکە، کە هەڵسوکەوتی ناناوەندی دەکەن. ئەو لێژنەیە لەسەر هۆکارە سەرەکییەکان رادەوەستێت کە پاڵییان بەو ئەفسەرەوە ناوە ئەو کارە بەرامبەر ئەو پیاوە بکات، کە رێگە دروستەکانی هەڵبژاردووە بۆ گەیاندنی رووداوێک کە روویداوە.
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە زانیارییەکانی ئەو رووداوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن و هەموو رێوشوێنێک دەگرنەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی، کە زیانیان بەو هاووڵاتییە گەیاندووە و بە وردی لەگەڵ رێڕەوەکانی لێکۆڵینەوە دەوەستێت.
ماوەی دوو رۆژە لە عێراق بابەتی پیاوێک بەناوی عەلی جبووری، کە بەتاوانی کوشتن و سووتاندنی هاوژینەکەی لە شوێنێکی نزیک لە رووبار لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بەو تاوانەدا ناوە، بووەتە بابەتێکی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام دواتر دەرکەوت هاوژینەکەی زیندووە، ئەمەش وایکرد دووبارە پرسی وەرگرتنی گوتە و دانپێدانان لە ژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەدا لە عێراق ببێتەوە رۆژەڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ