پەروەردەی عێراق داوای گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی کوردستان دەکات

22-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و تەواوی زانیارییەکانیان دەکات. ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەردوو وەزارەتی پەروەردە رەزامەندن و کێشەکە لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق ماوە.
 
رۆژی 10-07-2024 وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی دووپاتکردنەوەی بۆ ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران - نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کردووە، تێیدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات داتا و زانیاریی تەواوی ئەو مامۆستا و قوتابخانە کوردییانەیان بۆ رەوانە بکەن، کە دەکەونە دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی خزمەتیان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵ.
 
لە نووسراوەکەدا، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، واژۆی مەهدی ساڵح داخل عەوادی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە بۆ کاروباری زانستی لەسەرە، داوا لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کراوە داتا و زانیارییەکانیان بە ئەلیکترۆنی بەگوێرەی پارێزگا و قەزاکان بۆ رەوانە بکەن، کە تاوەکو مانگی حوزیرانی 2024 نوێکرابێتەوە.
 
هەروەک داواکراوە بە زمانی عەرەبی وردەکاریی تەواویان بۆ رەوانە بکەن لەبارەی پارەی تەرخانکراوی مووچە و دەرماڵەکانیان و بەشداریی خانەنشینیان.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق رۆژی یەکشەممە 22-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زیاتر لە ساڵێکە لیژنەی هاوبەشیی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کارەکانی تەواوکردووە، راپۆرتی  پێشکێشکردووە.
 
بە گوتەی سەرچاوەکە، زیاتر لە حەوت هەزار و 500 مامۆستا و کارمەند کە لە قوتابخانە کوردییەکانی ناوچەکانی مادەی 140 لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەدین دەوام دەکەن و لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن. بۆ گواستنەوەیان، داوای رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان-یان کردووە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە. ئەو نووسراوەشی کراوە، دووپاتکردنەوەیە و ساڵی رابردووش هەمان داواکاری کراوە.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، نووسراوشیان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی نووسراوی فەرمی رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکات، بۆ گواستنەوەی راژەی ئەو مامۆستایانە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی وەزارەتی داراییان بەدەست نەگەیشتووە.
 
نەجوا حەمید کاکەیی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای کەرکووک، رۆژی یەکشەممە 22-09-2024 بە تۆڕی میدیایی روودوی گوت، هەردوو وەزارەتی پەروەردەی عێراق و هەرێمی کوردستان رەزامەندن لەسەر گواستنەوەی میلاکی ئەم مامۆستایانە، بەڵام کێشە لە وەزارەتی دارایی عێراق. دەبێت وەزارەتی دارایی رێکاری پێویست بگرێتەبەر تاوەکو دەست بە گواستنەوەیان بکرێت.
 
کاکەیی کە نوێنەری کوردە پەرلەمانی عێراق، رەتیکردەوە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارنەبێت و گوتی، "بە پێچەوانەوە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو هاوکارە بۆ ئەو کارە؛ بەڵام پێویستی بە رەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراقە."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە کەرکووک، شنگال و خانەقین زیاتر لە 133 هەزار قوتابی بە زمانی کوردی لە قوتابخانە کوردییەکان دەخوێنن.
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە خوێندنی کوردی لە سنووری پارێزگای کەرکووک نزیکەی 100 هەزار قوتابی هەن و لە 555 قوتابخانەدا وانە دەخوێنن.
 
لە خوێندنی کوردیی کەرکووک نزیکەی نۆ هەزار فەرمانبەر و مامۆستا دەوام دەکەن و شایستە و پرۆگرامەکانی خوێندنیان سەر بە هەرێمی کوردستانە.
 
لە شنگالیش خوێندنی کوردی و عەرەبی هەیە. بە گوتەی مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەی پەروەردەی شنگال کە سەر بە پەروەردەی پارێزگای دهۆکە بۆ رووداو، لە سنوورەکەیان نزیکەی 28 هەزار قوتابی خوێندنی کوردی دەخوێنن.
 
لە سنووری پەروەردەی شنگال 70 قوتابخانەی کوردی هەن و بەشێکیان لە کەمپەکاندان. مەیسەر حەجی گوتی: "ساڵانی رابردوو قوتابیانی خوێندنی کوردی زیاتر بوون لە قوتابیانی خوێندنی عەرەبی، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە."
 
لە شنگال 1650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و 1,130 مامۆستای وانەبێژ پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
 
لە قەزای خانەقینیش خوێندن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی هەیە.
 
حەسەن محەممەد تاڵەبانی، بەڕێوەبەری بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین 3,300 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە و نزیکەی 5,000 قوتابیش لە 32 قوتابخانەدا بە زمانی کوردی دەخوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە