رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ دامەزراندنی سەندیکایەکی تایبەت بە شۆفێرانی گەیاندن (دلیڤەری) پێکهێناوە و ئەو توێژە بەپێی یاسا لە رێگەی بیمەی کۆمەڵایەتییەوە خانەنشین دەکرێن.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە مانگی ئەیلوولی 2025 لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری سەرۆکوەزیران و بەشداریی وەزارەتی کار پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی شۆفێرانی گەیاندن دەبنەوە، بە ئامانجی رێکخستنەوەی دۆخی یاساییان."
بە گوتەی خەوام، "لیژنەکە 15 راسپاردەی بۆ پاڵپشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی شۆفێرانی گەیاندن دەرکردووە، کە یەکێک لە گرنگترینیان دامەزراندنی سەندیکایەکی تایبەتە بۆیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار."
خەوام گوتیشی، "کارەکانی دامەزراندنی سەندیکاکە زۆربەی قۆناخەکانی بڕیوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا رادەگەیێندرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کار راشیگەیاند، "ئەو شۆفێرانەی لە کۆمپانیاکان کاردەکەن، بەپێی یاسا دەچنە ژێر چەتری بیمەی کۆمەڵایەتییەوە، لەو سیستمەدا کرێکار 5%ـی داهاتی مانگانەی دەدات، خاوەنکار 12% و حکومەتیش 8%ـی پشکەکەی دەدات، بەمجۆرە شۆفێرەکە کاتێک دەگاتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، مووچەی مانگانەی دەبێت و بیمەی تەندروستیش دەیگرێتەوە."
سەبارەت بەو شۆفێرانەی بە شێوەی سەربەخۆ کاردەکەن و سەر بە هیچ کۆمپانیایەک نین، حەسەن خەوام گوتی، "ئەوان دەتوانن سوود لە لقی بیمەی خۆویستانە وەربگرن، کە تێیدا کرێکارەکە خۆی 5%ـی داهاتی مانگانەی دەدات و حکومەت 15%ـی دیکەی پشکەکەی بۆ دابین دەکات."
مەرجەکانی خانەنشینبوون بەپێی یاساکە بریتین لە:
- تەمەنی 63 ساڵ: دەبێت 15 ساڵ خزمەتی هەبێت
- تەمەنی 60 ساڵ: دەبێت 20 ساڵ خزمەتی هەبێت
- تەمەنی 50 ساڵ: دەبێت 30 ساڵ خزمەتی هەبێت
بەپێی یاساکە، دەبێت کەسەکە لە عێراق نیشتەجێ بێت و کار بکات بۆ ئەوەی لەو ئیمتیازاتانە سوودمەند بێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ژمارەی ئەو کارمەندانەی کەرتی تایبەت، کە بیمەی کۆمەڵایەتییان هەیە، گەیشتووەتە زیاتر لە 700 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ