رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ سووریا، دەستیان بەسەر 320 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
رۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2025، عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بە هاوئاهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سووریا ئەنجامدرا".
بە گوتەی عەباس بەهادلی: "یەکێک لە مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە گواسترایەوە بۆ خاکی سووریا، لە رێگەی هاوئاهەنگی مەیدانی و هەواڵگریی هاوبەشەوە، توانییان دەست بەسەر 320 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا بگرن، ژمارەیەک تۆمەتباری داواکراوی نێودەوڵەتی، کە بەشێکن لە تۆڕەکانی قاچاخچێتیی سنووربەزێن، دەستگیر بکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق روونیکردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژکراوەی زنجیرەیەک هەوڵی نێودەوڵەتیی هاوبەشە، کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە هاوکاری وڵاتانی دیکە ئەنجامی دەدات.
هەروەها باسی لەوەشکردووە کە پێشتر ئۆپەراسیۆنێکیان لەگەڵ دەوڵەتی کوێت و ژمارەیەک وڵاتی دراوسێی عێراق ئەنجامداوە.
بەهادلی راشیگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025،بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریان دەستبەسەردا گرتووە، کە پێکهاتبوو لە 12 ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی هۆشبەر و نیو تۆن حەشیش، کە ئامادەکرابوون بۆ قاچاخچێتی، لەلایەن تۆڕێکی تایبەتمەند بە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و بەرپرسەکەی لە گوندەکانی دیمەشق دەستگیرکرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ