رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێرشێکیان کردووەتە سەر دوو بنکەی سەر بە گرووپەکانی ئێران لە بەغدا و گرووپێکی حەشی شەعبییان کردووەتە ئامانج. سێنتکۆم دەشڵێت، ئەم هێرشانە لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشەکانی ئەو گرووپانەوە بووە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق."
هێرشەکە وەکو سێنتکۆم دەڵێت، لە ناوچەی جورف سەخەری بەغدا بووە و گرووپێکی حەشی شەعبییان کردووەتە ئامانج.
بە گوتەی سێنتکۆم، لە 21ی تشرینی دووەمیش، بە مووشەکی بالیستیی نزیک مەودا، هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
لەوبارەوە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێران"ـەوە بە مووشەکی بالیستیی نزیک مەودا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری خوارووی عێراق و لە ئەنجامدا 8 کەس برینداربوون و زیانێکی کەمیش بە بنکەکە کەوت."
وەک سێنتکۆم دەڵێت، دوای ئەو هێرشە، فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری ئەی سی 130 هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی "میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لە لایەن ئێران" و "ژمارەیەک میلیشیا"ـەوە کە لە هێرشەکەدا بەشداربوون.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشەی ئەنجامیان داوە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بووە و لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک "ئەندامی دووژمن بوونەتە قوربانی."
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 62 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ