رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى داوا دەکات پابەند بوون هەبێت بە ئەرکە دیاریکراوەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق. دەشڵێت، هەر پێشێلکارییەک رووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەو هێزانە زیاد دەکات، کە نایانەوێت ئەوە رووبدات.
رۆژی 22ـى تشرینى دووەمى 2023، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەى ئەو ھێرشەى کرد کە ئەمەریکا کردیە سەر چەند پێگەیەکى حەشدی شەعبی لە ناوچەى جورف سەخر لە باکوورى پارێزگاى بابل و رایگەیاند، "پێویستە پابەندبوون هەبێت بە ئەرکە دیاریکراوەکانى سەرجەم هێزەکانى سەر بە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش بەگوێرەى یاساکانى عێراق."
هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەڵێت، "هەر پێشێلکاری و مامەڵەیەک کە نەچێتە چوارچێوەى دەنگى دژ بە پاشماوەکانى داعش، پێشێلکارییەکى مەترسیدار و سەرکۆنەکراوە و ئەو دەستدرێژیانەى کە کران رۆڵ دەبینن لە زیاد بوونى رووبەڕووبونەوەکان لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، کە هیوا ناخوازین رووبدات."
رۆژی 22-11-2023، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق."
دەستەی حەشدی شەعبی ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەو هێرشانەى هێزەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر هێزەکانیان، هەشت چەکداریان کوژراون و چواری دیکەشیان بریندار بوون.
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى ستایشى هەوڵەکانى حکومەت دەکات بۆ پاراستنى نێردە دبلۆماسییەکان و بارەگا ئەمنییەکان و سەپاندنى یاسا.
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، سەرجەم لایەنە شیعەکانى عێراق تییدا بەشدارن، جگە لە رەوتى سەدر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ