رووداو دیجیتاڵ
موزھر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاری سەبارەت بە قەرزە دەرەکی و نێوخۆییەکانی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت، پلانێک بۆ گۆڕینی قەرزەکان بە پڕۆژەی بەرهەمدار هەیە.
وردەکاریی قەرزی دەرەکی
سەبارەت بە قەرزە دەرەکییەکان، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران دڵنیایی دەدات کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و دەڵێت، "ئەو قەرزانەی لە ئەستۆی عێراق ماون و پەیوەستن بە رێککەوتنی یانەی پاریسەوە، دەبێت تاوەکو ساڵی 2028 بدرێنەوە، بڕەکەیان لە 3 ملیار دۆلار تێپەڕ ناکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، "نزیکەی 6 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی دیکە هەن کە دوای ساڵی 2003 وەرگیراون. سەرجەم ئەم قەرزانە لە بودجەی گشتیدا پارەیان بۆ تەرخانکراوە و ساڵانە بەشێوەیەکی رێکخراو دەدرێنەوە."
قەرزی ناوخۆیی و چارەسەرکردنی بە "موڵکی بەرهەمدار"
موزھر محەممەد ساڵح باسی لە قەرزی نێوخۆش کرد کە بڕەکەی نزیکەی 90 ترلیۆن دینارە و گوتی، ئەم پارەیە قەرزی دەرەکی نییە، بەڵکو "تەنیا قەرزە لەنێو سیستمی بانکیی حکومیدا بەشێوەیەک کە کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە وەک وەبەرهێنان هەڵگیراوە."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەم قەرزە، راوێژکارەکەی سوودانی ئاشکرای کرد کە ئێستا حکومەت سەرقاڵی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکە بۆ "کوژاندنەوەی ئەو قەرزە ناوخۆییە. بەگوێرەی پلانەکە، حکومەت بەنیازە قەرزی ناوخۆیی بۆ موڵک و پڕۆژەی بەرهەمدار لەنێو ئابووریی عێراقدا بگۆڕێ، بەمەش بارگرانی قەرزەکە نامێنێت و دەبێتە سەرمایەی ئابووری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ