رووداو دیجیتاڵ
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری داواکارییەکی ئاراستەی سەرۆکی هاوپەیمان و حیزبە سوننەکانی براوەی هەڵبژاردن کرد، بۆ ئەوەی یەکشەممە 23-11-2025 کۆببنەوە، تۆڕی میدیایی رووداو هەڵوێستی ژمارەیەک حیزبی سوننە لەبارەی کۆبوونەوەکە و داواکاریان لە حکومەتی داهاتوو ئاشکرا دەکات .
خەمیس خەنجەر لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی: "لە سۆنگەی باوەڕبوونمانە بە گرنگیی یەکڕیزی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکی کۆکەرەوە کە هیوا و داواکارییەکانی خەڵکەکەمان لە سەرجەم پارێزگاکان بەدی بهێنێت."
سەروەری: لە کۆبوونەوەکە باس لە سێ سەرۆکایەتییەکە و پێکهێنانی حکومەت دەکرێ
هاوپەیمانیی سەروەریی نیشتمانی لەم هەڵبژاردنەدا توانی 9 کورسی بەدەستبهێنێت.
عامر کوبەیسی، راوێژکاری خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری رۆژی شەممە 22-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەوپێیەی خەمیس خەنجەر بە تەمەن لە سەرۆکی سەرجەم هاوپەیمانی و حیزبە سوننییەکان گەورەترە، بۆیە دڵنیاین وەڵامی داواکەی دەدرێتەوە و یەکشەممە کۆبوونەوەکە دەکرێت".
عامر کوبەیسی دەڵێت: "هێزە سوننییەکان دەیانەوێت لە حکومەتی داهاتوودا هاوبەش بن نەک بەشدار، بۆیە بەدڵنیاییەوە داواکاری خۆیان دەبێت و دەیانەوێت رۆڵی سەرەکییان لە حکومەتی داهاتوودا هەبێت."
ئەو راوێژکارەی خەمیس خەنجەر تەوەر و گفتوگۆی سەرکردە سوننەکانی ئاشکرا کرد و دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە دەکرێت، بەتایبەتی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی سوننەیە."
گوتیشی، "سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری یەکەم هەنگاوی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کۆبوونەوە بوو لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، ئێمە کورد بە هاوبەشی سەرەکی خۆمان دەزانین لە حکومەت و دەسەڵاتدا."
تەقەدووم: بژاردەی یەکەممان پۆستی سەرۆککۆمارە
پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی حەلبووسی زۆرترین ژمارەی کورسی لەنێو هێزە سوننییەکان بەدەستهێناوە کە 27 کورسییە، هەڵوێستی پارتەکە جیاوازترە لەوانی دیکە و چەند جارێک داوای پۆستێک دەکات 20 ساڵە پشکی کوردە، کە پۆستی سەرۆککۆمارە.
یەحیا محەممەدی، گوتەبێژی پارتی تەقەدووم بە رووداوی راگەیاند: "بژاردەی یەکەممان وەکو پارتی تەقەدووم، پۆستی سەرۆککۆمارە دواتر سەرۆکی پەرلەمان؛ ئامادەین لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بکەین."
گوتەبێژی پارتی تەقەدووم دەڵێت: "ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانیی سەروەری باشە، بەشداری دەستپێشخەری کۆبوونەوەی لایەنە سوننەکانیش دەکەین."
ئەو بەرپرسەی تەقەدووم دەڵێت: "دابەشکاریی پلە و پۆستەکان پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانی چڕوپڕ دەبێت."
عەزم: ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بۆ تەقەدووم بێت، وەزارەتەکانمان دەوێت
هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی، خاوەنی 15 کورسییە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانێتییەکە چاوی لە بەشێک لە پۆست و پلەکانی حکومەتی داهاتووە.
وەلید فەهداوی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبین و بۆچوونی خۆمان دەخەینەڕوو."
فەهداوی دەڵێت: "لەو باوەڕەداین، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بۆ تەقەدووم بێت، ئەوا پێویستە وەزارەت و دەستەکان بە ئێمە بدرێت، هاوکێشەی بەردەستمان تاوەکو ئێستا بەوجۆرەیە."
هاوپەیمانیی تەفەوق: دابەشکاری پۆستەکان ئاسان نییە و بەزوویی یەکلایی نابێتەوە
هاوپەیمانیی تەفەوق بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم نامس جبووری، دوو کورسیی لە هەڵبژاردن بەدەستهێنا.
عەلی بەیاتی، ئەندامی هاوپەیمانیی تەفەوق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە لەبارەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە، بەڵام پێویستمان بە کۆبوونەوەیەکی لەوشێوەیە دەبێت لەنێوخۆی هێزە سوننەکاندا."
ئەو ئەندامەی تەفەوق گوتیشی: "دابەشکاری پلە و پۆستەکان پێویستی بە چەند کۆبوونەوە و دانیشتنێک دەبێت، کارەکە بەوشێوەیە ئاسان نییە بە زوویی یەکلایی بکرێتەوە."
حەسم: بەشداری کۆبوونەوەکە دەبین
حەسمی نیشتمانی کە سابت عەباسی سەرۆکایەتی دەکات، 5 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. سەرکردەیەکی باڵای حەسم بە رووداوی راگەیاند: "بەئەگەری زۆرەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەین و گفتوگۆ لەسەر شایستەکانی هەڵبژاردن دەکەین."
بە پێنج لایەنی سوننە لە هەڵبژاردندا 58 کورسییان بەدەستهێنا، زۆرترینیان تەقەدووم و کەمترینیش هاوپەیمانی تەفەوق، سوننەکان چاویان لەوەیە جگە لەو پۆستانەی بەریان دەکەوێت حکومەتی داهاتوو بەرنامە و داوا و خواستیان جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ