رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای قائیم دەڵێت، رۆژی شەممە دەروازەی سنووریی قائیم بۆ هاتووچۆی بازرگانی دەکرێتەوە و دۆخی دەروازەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای زیاتر لە مانگێک لە داخرانی؛ رۆژی شەممە 25ـی ئەم مانگە، دەروازەی سنووریی قائیم بە رووی جموجۆڵە بازرگانییەکاندا دەکرێتەوە."
قایمقامی قەزای قائیم گوتیشی: "هاتووچۆکردنی هاووڵاتییە عێراقی و سووریاییەکان لەو دەروازەیەوە بەردەوام بووە، ئێستاش هەموو ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی جموجۆڵەبازرگانییەکان تەواوکراون سەرەتای هەفتەی داهاتوو دۆخی دەروازەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە."
دەروازەی قائیم، بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور.
لە دوای 8ـی کانوونی یەکەمەوە دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، دەروازەی قائیمی نێوان عێراق و سووریا داخرا و دواتر رێگە بە هاتووچۆکردنی حاڵەتی پێویست و مرۆیی درا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ