رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى ناوخۆى عێراق فەرمانیدا بە پێکهێنانى تیمێکى ئەمنیی تایبەت بە گەڕان و پکشنین بەدواى ئەو چەکدارانەدا کە لە بەغدا تەقەیان لە فەخرى کەریم، سەرۆکى دامەزراوەى مەدا کرد.
شەوى رابردوو، 22ى شوباتى 2024، لە ناوچەى قادسیەى بەغدا تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەى فەخرى کەریم کرا، کاتێک لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی عێراق بۆ کتێب دەگەڕایەوە ماڵەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، عەبدولئەمیر شمەرى فەرمانیداوە بە چڕکردنەوەى هەوڵە ئەمنى و هەواڵگرییەکان بۆ دۆزینەوەى بکەرانى ئەو هێرشە و رادەستکردنیان بە دادگە بۆ ئەوەى سزا بدرێن.
شەوى 22ى شوبات، غادە عاملى، بەڕێوەبەرى گشتیى دامەزراوەى مەدا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کاژێر 9:00ى شەو فەخرى کەریم، سەرۆکى دامەزراوەى مەدا لە هەوڵێکى کوشتن رزگاری بووە، کە لە رێگەى ژمارەیەک چەکدارى دەمامکدارەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەى کراوە، 17 و گولـلە بەر ئۆتۆمبێلەکەى کەوتووە، بەڵام خۆى هیچ زیانێکى پێنەگەشتووە."
دامەزراوەى مەدا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە چەکدارەکان لە دوو ئۆتۆمبێلدا بوون و رێگەیان لە ئۆتۆمبێلەکەى فەخرى کەریم گرتووە و تەقەیان لێکردووە و دواتر هەڵاتوون.
فەخرى کەریم کەسایەتییەکى سیاسیى و رۆشنبیریی عێراقە، لەنێوان ساڵانى 2006 بۆ 2014 راوێژکارى سەرۆککۆمارى پێشووى عێراق بووە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ