کۆچ و کۆچبەران: پێشنیازکراوە رێککەوتنى شنگال بخرێتە پلانى گەڕانەوەى ئاوارەکانەوە

23-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، هەرێمى کوردستان پێشنیازى کردووە رێککەوتنامەى شنگال بخرێتە نێو پلانى لیژنەى باڵاى گەڕانەوەى ئاوارەکانەوە و چاوەڕێى ئەوەن حکومەت بڕیار لەبارەیەوە بدات.
 
نزیکەى 40 رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنى ئەو وادەیەى کە دانراوە بۆ داخستنى کەمپى ئاوارەکان لە 30ى تەممووز. عەلی جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "مانگێک لەومەبەر لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆبوونەتەوە و ئەو پێشنیازەیان پێدراوە.
 
رێککەوتننامەى شنگال لە ساڵى 2020 لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کرا بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى قەزاکە لە رووى ئەمنى و کارگێڕییەوە. عەلى جیهانگیر دەڵێت: "کارى ئێمە بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکان؛ مرۆییە، بەڵام ئەو رێککەوتنە سیاسی و ئەمنییە".
 
زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستاندان، نزیکەى 100 هەزار ئاوارەى کوردانى ئێزدیى شنگالن.
 
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ وکۆچبەران گوتى: "پێشنیازەکەمان ئاڕاستەى سەرەوە (حکومەت) کردووە بۆ ئەوەى یەکلایی بکەنەوە".
 
دۆسیەى گەڕانەوەى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا یەکلا نەبووەتەوە. وەزیرى کۆچ و کۆچبەران لە دادگەى فیدراڵى سکاڵایەکى تۆمارکردووە بۆ یەکلاکردنەوەى، 12ى ئایار دانیشتنێکى دیکەى دادگە لەبارەى ئەو دۆسیەوە دەکرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە