رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین هەردوو جێگرى پارێزگارى هەڵبژارد کە لە دوو لیستى شیعە و سوننەن. دوو پۆستیش بۆ دوو هاونیشتمانی یەکلایی بوونەوە.
هەڵبژاردنەکە لە کۆبوونەوەیەک بوو کە ئەمڕۆ سێشەممە، 23ى نیسان ئەنجوومەنەکە ئەنجامیدا، ئەوەش بە مەبەستی هەڵبژاردنى جێگرانى پارێزگار بۆ کاروبارى کارگێڕى و تەکنیکى و چەند پۆستێکى باڵاى دیکەى پارێزگاکە.
هاشم عەزاوى بە جێگرى پارێزگار بۆ کاروبارى کارگێڕى وەک بەربژێرى لیستى عەزمى نیشتمانی هەڵبژێردرا؛ غەسان فارس عێدانیش پۆستى جێگرەکەى دیکەى پارێزگارى وەرگرت، ئەویش وەک بەربژێرى لیستى چوارچێوەى نیشتیمانی.
کاوە شێخانى، راوێژکارى پارێزگارى سەڵاحەدین بۆ کاروبارى ئەمنى کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەردوو کەسە بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەن هەڵبژێردران.
هەر لەو کۆبوونەوەیدا دوو پۆست بۆ دوو هاونیشتمانی یەکلایی بوونەوە کە سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانن.
ئەمین عەزی لەسەر پشکى یەکێتى وەک بەڕێوەبەرى گشتى وەبەرهێنانى سەڵاحەدین هەڵبژێردرا، لەکاتێکدا کاوە شێخانى وەک بەربژێرى پارتى بۆ جارێکى دیکە لە پۆستەکەیدا مایەوە وەک دووەم کورد کە لەو شارە بۆ چوار ساڵى داهاتوو پۆستی دەبێت.
17ـی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدر مەحموود فەحلی وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ