رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەى بابل دەڵێت، کاتى رووداوەکە فڕۆکەى جەنگى و درۆن بە ئاسمانى شارەکەوە نەبوون و هیچ مووشەکێکیش بۆ ئەو شوێنە نەتەقێندراوە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق ئەنجامى ئەو لێکۆڵینەوەیەى بڵاوکردەوە کە لەبارەى تەقینەوەکەى سەربازگەى کالسۆ لە بابل پێکهێندرابوو. ئەو تەقینەوەیە لە 19ى نیسان روویدا.
بەگوێرەى ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، چاڵێکى قووڵ لە شوێنى رووداوەکە دروستبووە و لە دووریى 150 مەتر لە شوێنى تەقینەوەکەش پارچەى پێنج مووشەک دۆزراونەتەوە، رووبەرى چاڵەکەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى تەقینەوەیەکى گەورەى چەک و تەقەمەنى لەو شوێنە روویداوە.
تەقینەوەکەى ئەو سەربازگەیە، هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکەى سەر ئێران، گومان دەکرا سەربازگەکەش بۆردوومان کرابێت.
لیژنەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەگوێرەى راپۆرتى فەرماندەى یەکەى ئاسمانى، کاتى تەقینەوەکە و دواى ئەوەش هیچ جووڵەیەکى فڕۆکەى جەنگى و درۆن لە ئاسمانى بابل نەبووە؛ هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەو تەقینەوەیە لە رێگەى مووشەکەوە نەبووە.
ئەو تەقینەوەیە بووە هۆى کوژرانى کارمەندێکى حەشدی شەعبی و برینداربوونى هەشت کەسى دیکە کە هەندێکیان سەربازى سوپا بوون.
وەک لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، لە رێگەى پشکنینى گڵى نێو چاڵى تەقینەوەکە و پارچەى مووشەکەکان دەرکەوتووە سێ جۆر مادەى تێدا بووە کە لە دروستکردنى تەقەمەنى و مووشەک دروستدەکرێن کە تى ئێن تى، نیتراتى ئەمنۆیا، دوانە پۆتینى فیتاڵات بوون کە لەو مادانەن تەقینەوەی بەهێز دروست دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ