بەغدا رەزامەندی دا گەنمى دەرەوەى پلان لە کەرکووک وەربگیرێت

23-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رەزامەندی دا گەنمى زەوى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک بەهەمان نرخى گەنمى ناو پلان وەربگیرێت. بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى شارەکە دەڵێت: "رووبەرى ئەو زەوییانە نزیکەى 300 هەزار دۆنم دەبێت و زۆربەی خاوەنەکانیان جووتیارانى کوردن".
 
بڕیارە یەکشەممە 25ـی ئایارى 2025، وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى کەرکووک لە رێگەى سایلۆکانى وەزارەتى بازرگانى دەستپێبکات. 
 
رۆژی هەینى 23ـی ئایار عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: تێکڕاى زەوى چێنراو بە گەنمى ناو پلانى کشتوکاڵ لە کەرکووک 560 هەزار دۆنمە و پێشبینی دەکەین 457 هەزار تۆن بەرهەمى هەبێت. 
 
دەستپێکردنى پرۆسەى وەرگرتنى گەنم لە کەرکووک دواى ئەوە بووە، کە کێشەى گەنمى زەوییەکانی دەرەوەى پلانى کشتوکاڵی چارەسەرکرا. حکومەت ئامادە نەبوو وەری بگرێت، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵى کەرکووک داواکارییەکى ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵى فیدراڵ کرد. 
 
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک گوتى: "رەزامەندى وەزارەتى کشتوکاڵمان پێگەیشتووە کە گەنمى زەویى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى بە هەمان پێوەرى وەرگرتنى گەنمى ناو پلانى کشتوکاڵى وەربگیرێت، کە رووبەرەکەى نزیکەى 300 هەزار دۆنمە و زۆرینەى هى جووتیارانى کوردە".
 
بۆ ساڵى 2025 پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵدان بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
 
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران، ئەو گەنمەى بەشێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بەشێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە