رووداو دیجیتاڵ
تورکیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سووریا و عێراق تیمێکی کاریان پێکهێناوە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن پرسی زیندانییانی رێکخراوی داعش کە لە کامپەکانی هۆل و رۆژ و چەند کامپێکی دیکەی سووریا دەستبەسەرن یەکلایی بکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت و چوار قۆڵییان پێکهێناوە بۆ ئەوەی کار بکەن لەسەر یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی زیندانییەکانی داعش لە سووریا، هەروەها چارەنووسی ئەو ژن و منداڵانەی کە لە کەمپی هۆل لە باکووری سوریا دەستبەسەرن.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا سەرپەرشتی ئەو کەمپ و زیندانیانە دەکات کە چەکدارانی داعش و کەسوکاری ئەو چەکدارانەی تێدایە.
لە 14ی ئایاری 2025، کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە سعودیە کۆبووەوە، یەکێک لە داواکارییەکانی ترەمپ بۆ حکومەتی سووریا، ئەوە بووە "بەرپرسیاریەتی" نزیکەی نۆ هەزار زیندانیی داعشی بگرێتە ئەستۆ.
لەبارەی پێکهێنانی ئەو تیمە، ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە "پێویستە عێراق سەرنج بخاتە سەر پرسی کەمپەکان. زۆرینەی ژنان و منداڵان بەتایبەتی لە کەمپی هۆل سەر بە عێراق و سووریان. دەبێت ئەوەی پێویستە بۆیان بکەن."
بەگوێرەی رێککەوتنی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پێشبینی دەکرێت حکومەتی سووریا کۆنترۆڵی ئەو کەمپانە بگرێتە دەست.
حکومەتی عێراقی لە ساڵی 2021وە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ژن و منداڵە عێراقییەکانی لەو کامپانەی سووریا دەستپپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 14 هەزار و 500 زیندانی گەڕێندراونەتەوە لە رێگەی 24 کاروانی جیاواز کە دوایین کاروان لە 29ی ئاداری ئەم ساڵ بووە کاتێک 680 کەسیان وەرگرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ