رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بەشێک لە کارمەندەکانیان لە باشووری عێراق کشاندەوە. کۆمپانیای نەوتی بەسرە دەڵێت، هەنگاوەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی سەر بە کۆمپانیاکە نەبووە.
کۆمپانیای نەوتی بەسرە، ئەمڕۆ دووشەممە (23ی حوزەیرانی 2025) لە راگەیێندراوێكدا گوتی: "ئەو کۆمپانیایانەی لە کێڵگەکانی نەوتی بەسرەدا کاردەکەن، بەشێک لە کارمەندە بیانییەکانیان بە شێوەیەکی کاتی کشاندووەتەوە، بەتایبەتی کۆمپانیای BPی بەریتانی لە کێڵگەی روومێلە، بەڵام ئەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرهەمهێنان نەبووە، چونکە کارمەندە عێراقییەکان بە هاوکاریی کارپێکەری دوورەدەست (remote operator) بە تەواوی کاری بەگەڕخستن و چاودێری دەکەن."
کۆمپانیاکە باس لەوەدەکات "لە کێڵگەکانی دیکەدا کۆمپانیای ENIی ئیتاڵی کارمەندەکانی خۆی لە 260 کارمەندەوە بۆ 98 کارمەند کەم کردوەتەوە. ئەوانەش کە ماون بە شێوەیەکی ئاسایی لە کێڵگەکەدا کاردەکەن بە هاوکاری کارمەندە عێراقییەکان."
لەبارەی هۆکاری کشانەوەی ئەو کارمەندانە، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە بووە.
کۆمپانیاکە دەشڵێت: "کۆمپانیا چینییەکان کە کێڵگەکانی رۆژئاوای قوڕنە/1،سیبە و فەیحا بەڕێوەدەبەن، هیچ کارمەندێکیان نەکشاندوەتەوە و بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ گرفت لەکارکردن بەردەوامن.کۆمپانیای لوک ئۆیڵیش هیچ کارمەندێکی نەکشاندووەتەوە."
کۆمپانیای نەوتی بەسرە باس لەوە دەکات: کۆمپانیای تۆتاڵ 60٪ی کارمەندەکانی خۆی کشاندووەتەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو، بەڵام ئەوەش کاریگەری لەسەر کارەکە نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ