پۆلیسی ئەنبار بۆ رووداو: هێرش نەکراوەتە سەر عەین ئەسەد

23-06-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای ئەنبار لە رووداوەوە رەتیدەکاتەوە، هێرش کرابێتە سەر بنکەی عەین ئەسەد.
 
ئەحمەد مەشهەدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پۆلیسی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بنکەی عەین ئەسەد رووبەڕووی هیچ هێرشێک نەبووەتەوە و ئەو هەواڵانەشی لەوبارەوە باس دەکرێن، دوورە لە راستییەوە".
 
نزیکەی کاژێر 19:45 خولەکی ئەمشەو ئێران بە ژمارەیەک مووشەک هێرشی کردە سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، سوپای پاسداران هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. هاوکات ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوە "مژدەی سەرکەوتن".
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر عەین ئەسەد، بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار رەتیدەکاتەوە، هێرش کرابێتە سەر بنکەی عەین ئەسەد.
 
بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، 180 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای بەغداوە دوورە. سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعشی تێدایە. 
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن.
 
بنکەکە پێشتر چەندینجار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، بە درۆن و مووشەک کراوەتە ئامانج و هەروەها پێشتریش لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کرا.
 
ماجد بن محەممەد ئەنساری، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرکۆنەی تووندی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عودەید دەکات و "بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی قەتەر و ئاسمانی وڵاتەکەی و یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان"ـی لە قەڵەم داوە.
 
گوتەبێژەکە جەختیشی کردووەتەوە کە دەوڵەتی قەتەر مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی خۆی دەپارێزێت بە شێوازێک کە لەگەڵ "شێوە و قەبارەی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایە و یاسای نێودەوڵەتیدا بگونجێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە