چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق "جەخت" لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە

23-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا "جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو" مادەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی دەکەنەوە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، لەوانەش خەرجکردنی شایستە داراییەکان. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، رۆژی یەکشەممە لە بارەگای خۆی، میوانداریی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تێیدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار؛ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەشدار بوون بۆ ئەوەی دۆخی وڵات و ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ بکەن."
 
لە بارەی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان، راگەیێندراوەکە دەڵێت، چوار سەرۆکایەتییەکە "جەختیان لە جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کردەوە بە هەموو ئەو وردەکاریانەوە کە پەیوەندیدارن بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی" هەرێمی کوردستان. 
 
لە تاوتوێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیدا، چوار سەرۆکایەتییەکە باسیان لە "گرنگیی تەواوکردنی رێنماییەکانی" یاسای بودجە و "چاودێریکردنی پڕۆژەکان و کوالێتییان و تەرخانکردنی پارە بە گوێرەی کارە لەپێشینەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی حکومەت" کردووە. 
 
راگەیێندراوەکە هەروەها روونیدەکاتەوە کە چوار سەرۆکایەتییەکە جەختیان لەسەر گرنگیی داڕشتنی ئەو یاسایانە کردووەتەوە کە لە کارنامەی حکومەت و کارنامەی رێککەوتنی سیاسیدا هاتوون، کە هێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتوون، لە نێویدا یاسای لێبوردنی گشتی، یاسای نەوت و گاز، یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی لەگەڵ ژمارەیەک پڕۆژەیاسای دیکە کە لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئامادەکراون و دەنێردرێنە ئەنجوومەنی نوێنەران کە یاسای دەستەی باڵای توانادارکردنی ژنان، یاسای گەڕاندنەوەی سامانی عێراق و یاسای ماددە هۆشبەرەکان. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە