رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سبەی دووشەممە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەچێتەوە بەغدا.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 23-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەردانی ئەمڕۆی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دواخراوە و سبەی شاندەکە سەردانی بەغدا دەکات.
بڕیار بوو شاندەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، درەنگی شەوی رابردوو ئاگادارکراونەتەوە کە سەردانەکە بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە. دواخستنەکەش لەسەر داواکاری لایەنی بەغدا بووە، چونکە داوای کاتیان کردووە بۆ تاوتوێکردنی زیاتری بابەتەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-07-2023 لە کاتی کردنەوەی دەروازەی تیلەکۆ، لە وەڵامی پرسیارێکی هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان لەبارەی دابەشکردنی مووچە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان گوتی، شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا قسە لەسەر بابەتە هونەرییەکان دەکات، چونکە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، لە زووەوە جێبەجێی کردووە. گوتیشی، هیچ بیانوویەک نەماوە کە بەغدا مووچە دوابخات.
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان گوتیشی، داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەشی مووچە ناکات، چونکە چەند مانگێکە نەوت هەناردە نەکراوە، بەغدا داوای 100٪ـی داهاتی ناوخۆ دەکات، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت 50٪ بێت.
بەڵام سەرچاوەیەک ئاگادار بۆ رووداو رەتیکردەوە بەغدا داوای هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان کردبێت و گوتی تەنانەت بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی تەنیا 50٪ی داهاتی نانەوتی لە دەروازەکان دەگەڕێنرێتەوە بۆ بەغدا، تەناتە لە پارێزگاکانی دیکەش 100٪ی داهات ناگەڕێتەوە.
هەفتەی رابردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو. ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ئومێد سهباح، سهرۆكی دیوانی ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پێنج رۆژە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداین و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەداین لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە. جەختمان لەسەر دوو بابەت کردووە؛ یەکەمیان: پارێزراوبوونی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. دووەمیان: زامنکردنی بەشە بودجە و تێکڕای شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
سهرۆكی دیوانی ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان روونیشیکردەوە کە هەفتەی داهاتوو دوایین کۆبوونەوەیان دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتانەی دانوستاندنیان لەسەرکراوە و گوتی: "لەم ماوەیەدا دوو رەشنووسمان هەبووە؛ یەکەمیان واژۆمان لەسەری کردووە و کارەکانمان دابەشکردووە. دووەمیشیان دەرەنجامەکانن. دوو خاڵ ماون یەکەمیان پەیوەندیدارن بە شیکاریکردنی داهاتە نانەوتییەکان و تێچووی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان. ئەم دوو بابەتە پێویستی بە بەرچاوڕوونی زیاتری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە. بۆ ئەمەش بڕیاردراوە کاژێر 16:00ی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دووبارە لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆکوەزیران کۆببینەوە. رۆژی یەکشەممە دێدلاینی یەکلاکردنەوەی کارەکانە لەسەر ناردنی بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ