رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە پێنج بەلەم و دوو کەڵەکى سەر بە تەکسیی رووبار لە بەغدا کەوتەوە. بەگوتەى بەرپرسێکى بەرگریى شارستانیى عێراق، ئاگرەکە بەهۆى شۆرتی کارەباوە بووە و زیان بەر بەلەم و کەڵەکەکان کەوتووە.
رۆژی 23ى تەمووزى 2023، نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەسەر رووبارى دیجلە لە ناوچەى رەسافەى بەغدا، ئاگر لە پێنج بەلەم و دوو کەڵەکى سەر بە پڕۆژەى تەکسی رووبار کەوتەوە و تیمەکانیان توانیوایە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
نەواس سەباح شاکر گوتى: "رووداوەکە زیانى گیانیی نەبووە، بەڵام زیانى زۆر بەر بەلەم و کەڵەکەکان کەوتووە. بەگوێرەى لێکۆڵینەوە بەراییەکان، دەرکەوتووە ئاگرەکە بەهۆى شۆرتى کارەباوە بووە لە یەکێک لەو سەکۆیانەى کە بەلەمەکان لە نزیکى راگیراون.
تەکسیی رووبار، پڕۆژەیەکى وەزارەتى گواستنەوەى عێراقە کە 27ى حوزەیرانى 2023، لە بەغدا کەوتە کار و هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکان و لە رێگەى رووبارى دیجەلەوە دەگوێزنەوە.
لە ساڵى 2018 وەزارەتى گواستنەوەى عێراق دەستى بە پڕۆژەى "تەکسیی رووبار" کرد و چەند بەلەمێکى تایبەتى بۆ گواستنەوەى هاووڵاتییان هاوردەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ