رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە چاوپێککەوتن لەگەڵ بەربژێران بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق دەکرێت و کورد دوو ئەندامى سەرەکى و ئەندامێکى یەدەگى لەو ئەنجوومەنە بەردەکەوێت.
جوان محەممەد، ئەندامى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەم هەفتەیەدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت، کە خۆیان بۆ ئەندامێتیى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤى عێراق بەربژێر کردووە. ئەندامەکان دواى دەستنیشانکردنیان، لە پەرلەمان سوێندى یاسایی دەخۆن.
جوان محەممەد ئاشکرای کرد، 528 کەس فۆڕمیان بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤ پێشکێش کردبوو، لەدواى جیاکردنەوەى ئەو کەسانەى مەرجیەکانیان تێدا نەبوو، ژمارەى بەربژێران بووە بە 519 کەس.
ساڵى 2021 کۆمیسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق سڕ کرا، ئەویش بەهۆى کۆتاییهاتنى ویلایەتى ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی. دواتر لە 12ى ئەیلوولی 2022 بە بڕیارێکى پەرلەمانى عێراق ئەندامانى ئەنجوومەنەکە خانەنشینکران و تەنیا نووسینگەکانیان کار دەکەن لە پارێزگاکان بۆ وەرگرتنى سکاڵای هاووڵاتییان.
ئەندامەکەی لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق گوتی: "لەکۆى نۆ ئەندامە هەمیشەییەکەى ئەو کۆمیسیۆنە، دوو ئەندامیان کورد دەبن و یەکێک لە ئەندامانى یەدەگى کۆمیسیۆنەکەش لە پشکى کورد دەبێت."
کۆمیسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق دەستەیەکى سەربەخۆى تایبەت بە بەدواداچوونى دۆسیەکانى مافى مرۆڤە و لە 15 پارێزگاى عێراق نووسینگەى هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ