عێراق
خاوەن کۆمپانیایەک دەڵێت، دوای ئەو وادەیە رێگە بە کۆمپاکانیاکان نادرێت کاڵا ببەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گومرگیی عێراق، یەکی تشرینی یەکەمى ئەم ساڵی وەکو دوا وادە داناوە بۆ ئەوەی خاوەنکار و کۆمپانیاکان ناسنامەی باج دەربکەن، کە دەیسەلمێنێت پاکتاوی ئەو باجانەیان کردووە، کە لە ئەستۆیاندایە. خاوەنى یەکێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر کۆمپانیایەک تاوەکو ئەو کاتە باجەکانی نەدات، رێگەی پێ نادرێت کاڵا بباتە نێوەڕاست و باشووری عێراق.
دەستەکە رۆژی 20ـی تەممووز نووسراوێکی لەو بارەیەوە ئاراستەی سەرجەم دەروازە گومرگییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردووە، رێنماییە نوێیەکانی پێداون لەبارەی دوا وادە بۆ دەرهێنانی ناسنامەی باج.
بڕیارەکە بۆ خاوەنکار و کۆمپانیاکانە و لە رێگەیەوە پاکتاوی ئەو باجانە دەکرێت کە لە ئەستۆیاندایە، پاشان ناسنامەکەیان بۆ دەردەکرێت.
حامی هەرکی، خاوەنی کۆمپانیای ئارک ستار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان کۆدی باجیان هەیە و لە عێراق ئەو ناسنامەیەیان پێدەدرێت، ئەویش دوای پاکتاوکردنی باجەکانی سەریان."
بەگوێرەی نووسراوەکە، 20ـی تەممووز دوا وادە بووە بۆ دەرهێنانی ئەو ناسنامەیە، بەڵام وادەکە بۆ یەکی تشرینی یەکەم درێژکراوەتەوە.
حامی هەرکی گوتی، "ئەو ناسنامەیە بۆ ماوەی ساڵێکە و ئەگەر تاوەکو ئەو وادەیەی دیاریکراوە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ئەو ناسنامەیە لە بەغدا دەرنەکەن، رێگەیان پێ نادرێت لە بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، کاڵاکانیان ببەنە نێوەڕاست و باشووری عێراق."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەندێک لە کۆمپانیاکان بۆ خۆدزینەوە لە پێدانی باج و وەرگرتنی مۆڵەت لە حکومەتی فیدراڵی، پەنا بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەبەن کە مۆڵەتیان هەیە و وەک بریکار بۆ گواستنەوەی کاڵاکانیان بەکاریاندەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ