رووداو دیجیتا
دوای ئەوەی ئەمریکا "نیگەرانیی" خۆی لە بەرامبەر زیادبوونی مەترسیی داعش و قاعیدە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربڕی، عێراق دەڵێت داعش "ئیفلیج بووە" و "هیچ مەترسییەکی" بۆ سەر وڵاتەکە نییە.
ئەمڕۆ شەممە، سەباح نەعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاند: "چەتەکانی داعش هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر عێراق نەماوە. هێزە ئەمنییەکانمان بەتوانان و لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەرەسەندنە ئەمنییەکان."
گوتەبێژەکەی سەرۆکوەزیران محەممەد شياع سوودانی دەشڵێت: "ئێمە رۆژانە چاودێریی دۆخەکە دەکەین، ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری لە دژی تیرۆریستەکان دەکەین لە هەر کوێیەک بن. ئەوان بەهۆی خۆڕاگری و وریایی هێزە ئەمنییەکانەوە، گورزی بەردەوامیان بەردەکەوێت."
پێش ئەم لێداوانەی سەباح نەعمان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاندبوو، واشنتن "بەردەوامە لەپێشینەدان بە هاوبەشییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و لایەنەکانی ناوچەکە لە شەڕی دژی تیرۆردا" و جەختی لە نیگەرانییەکانی کردەوە لەبارەی "جموجوڵی بەردەوام و فراوانبوونی داعش و قاعیدە لە ناوچەکە".
هەروەها باڵیۆزخانەکە ستایشی ئەو وڵاتانەی کرد کە "بەردەوامبوون لە گوشارەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق، سووریا و سۆماڵ". گوتیشی، ئەو هەوڵانە یارمەتیدەر بوون بۆ سنووردارکردنی جموجوڵەکانی داعش.
سەباح نەعمان دەڵێت: "سنوورەکان بە تەواوی پارێزراون. هەر پێشهاتێکی هەرێمی رووبدات، راستەوخۆ کار ناکاتە سەر ئاسایشی عێراق. ئێمە لە توانای هێزە ئەمنییە مەیدانی و هەواڵگرییەکانمان پشتڕاستین."
گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە، "ئەو نیگەرانییە نێودەوڵەتییانەی لەبارەی چەتەکانی داعشەوە هەن، پەیوەندییان بە دۆخی عێراقەوە نییە، رێکخراوەکە مەترسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە و لە چەند وڵاتێک هەیە. لە عێراق رێکخراوەکە ئیفلیجە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانمانەوە گورزی بەردەوامی لێ دەدرێت."
پۆستەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جەختکردنەوە بوو لە قسەکانی دۆرۆسی شیا، باڵیۆزی بەوەکالەتی وڵاتەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، باسی لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە پەڕگیرەکان کرد.
داعش، کە پێشتر ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵکردبوو، لە ساڵی 2017 لە عێراق و لە 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان تێکشکاندنی راگەیێنرا، بەڵام لە هەردوو وڵاتدا بەردەوام بووە لە هێرشی کوشندەی ناوبەناو. رێکخراوی قاعیدەش سەرەڕای ساڵانێک لە گوشاری سەربازیی نێودەوڵەتی، هێشتا لە بەشێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا شانەی نووستووی هەیە.
ئەمریکا بە سەکردایەتیی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی، لە عێراق و سووریا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
رۆژی چوارشەممە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەرپرسێکی داعشی لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەستگیرکرد.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، رایگەیاند، ئەبو حەفس قوڕەیشی، هاووڵاتیی عێراقی و فەرماندەی داعش، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرەبەیاندا دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی هێزێکی هاوپەیمانان بە هێلیکۆپتەر لە شارۆچکەی عەتمێ لە نزیک سنووری تورکیا دابەزیونەتە سەر شوێنی خۆحەشاردانی. هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی عێراقی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراوە.
روانگەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەو پیاوەی دەستگیرکرا ژنێکی فەرەنسی زمانی لەگەڵ بووە، بەڵام روون نییە ئایا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە براوە یان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە، کە دواتر ناوچەکەیان گەمارۆ دابوو.
دوو ساڵ لەمەوبەر، داعش رایگەیاند کە پیاوێک بە ناوی ئەبو حەفس هاشمی قوڕەیشی وەک سەرکردەی نوێی رێکخراوەکە دەستنیشانکراوە، دوای ئەوەی تورکیا سەرکردەی پێشووی رێکخراوەکەی کوشت.
لە بەرامبەردا، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سووریا رۆژی چوارشەممە لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە کە ناوی نەهێناوە، بڵاویکردەوە، ئەو پیاوە عێراقییەی کراوەتە ئامانج بە 'عەلی' ناسراوە و ناوی راستەقینەی 'سەلاح نوعمان'ـە. راشیگەیاندووە، نوعمان لە شوقەیەکدا لەگەڵ هاوژین و کوڕ و دایکی ژیاوە و لە هێرشەکەدا کوژراوە.
ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، بەرپرسی دژەتیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی چوارشەممە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین سەرکردەی داعش لەنێوبران، بەڵام "رێکخراوەکە توانیویەتی توانای ئۆپەراسیۆنیی خۆی بپارێزێت."
مانگی ئاداری ئەم ساڵ، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هاوکاریی هاوپەیمانان، جێگری سەرکردەی سەرەکیی داعشیان کوشت.
ڤۆرۆنکۆڤ گوتی: "هیچ ئاماژەیەک نییە کە کوژرانی ئەو کەسە هیچ جیاوازییەکی دروست کردبێت". هەروەها بە پشتبەستن بە زانیاریی چەند وڵاتێک گوتی، رەنگە رێکخراوە پەڕگیرەکە لە ماوەی شەش مانگدا لەو زیانە چاکبێتەوە.
باڵیۆزی بە وەکالەتی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ئاماژەیەکی بە دەستگیرکردنەکەی رۆژی چوارشەممە نەکرد، بەڵام رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆری لەسەر ئاستی جیهان چڕکردووەتەوە، لەنێویاندا بەئامانجگرتنی سەرکردایەتی، ژێرخان و تۆڕە داراییەکانی داعش و قاعیدە.
داعش زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر لە قاعیدە جیابووەوە و دوای راگەیاندنی "خەلافەت" لە ساڵی 2014 لە بەشێکی بەرفراوانی سووریا و عێراق، سەتان چەکداری لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ خۆی راکێشان.
"قوڕەیشی" ناوی راستەقینەی سەرکردەکانی داعش نییە، بەڵکو لە "قوڕەیش"ـەوە هاتووە، کە ناوی ئەو هۆزەیە کە پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد (د.خ) سەر بەو هۆزە بووە. داعش بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرکردەکانی لەو هۆزەن و "قوڕەیشی" بەشێکە لە نازناوە جەنگییەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ