تەندروستیی عێراق: لیژنەیەک بڕیار دەدات کام نەخۆش بێ بەرامبەر بنێرینە دەرەوە بۆ چارەسەر

23-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ


گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیێنێت، لەسەر ئەرکی وەزارەتەکەیان نەخۆش لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی دەرەوە کراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. ئەم کارەیان، وەکو خۆی دەڵێت، بەردەوامە و لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە دەکرێت و ئەوان بڕیار دەدەن کام نەخۆشە بنێرن. تەندروستیی هەڵەبجەش دەڵێت، نەخۆشمان هەیە پێویستی بە دەرەوەی وڵاتە، ناوەکانمان داوەتە وەزارەتەکە و هیچیان نەکردووە. 
 
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژی شەممە، 23-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستیی عێراق خۆی بە بەرپرس دەزانێت لە پاراستنی تەندروستیی هەموو هاووڵاتییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە و پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ و بەردەوام هەیە لەنێوان وەزارەتەکانی تەندروستیی هەردوولادا. بۆیە کار بۆ نەخۆشانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
دوێنێ هەینی، دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە نیویۆرک بە رووداوی راگەیاند، "وێڕای ئەوەی کە بودجەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم[ی کوردستان] بودجەیەکی سەربەخۆیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە گرنگی بە تەندروستیی هاووڵاتییان دەدەین؛ لەڕێگەی تیمی گواستنەوەی پزیشکی و ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی عێراق پێویستیان بە چارەسەرە، لەسەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی دەیاننێرین."
 
لەبارەی ئەو لێدوانە و رێکارەکانی ناردنەدەرەوەی نەخۆش لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات لەسەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، "بەڵی لەسەر خەرجیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق نەخۆش لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی دەرەوە کراوە بۆ چارەسەر وەرگرتن، بەڵام پرۆسەی ناردنەدەرەوەی نەخۆش بە گشتی سنووردارە."
 
سەیف بەدر روونیکردەوە، "لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لیژنەی پسپۆڕ و تایبەتمەند هەیە، نەخۆشەکە دەبینێ و پشنیکی بۆ دەکات، لەسەر بنەمای زانستی بڕیار دەدات کە ئایا ئەو نەخۆشییە پێویستی بە دەرەوە وڵاتە، یان لە نێوخۆی وڵات چارەسەری هەیە، بۆیە بڕیارەکە لەدەست لیژنەکەدایە."
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئەیلوولی 2023، دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 10 نەخۆشی بەرکەوتەی چەکی کیمیاییمان هەیە و پێویستیان بە چارەسەری سییەکانە لە دەرەوەی وڵات، ناوەکانیشیان دراوەتە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچیان بۆ نەکردوون."
 
ئازاد مستەفا گوتی، لە ماوەکانی رابردوودا شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئەویش تێیدا ئەندام بووە چوونەتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق کۆبوونەتەوە، "لە بەغدا ناوی 64 نەخۆشی دیکەی هەڵەبجەمان رادەستی وەزیر کرد کە بۆ گۆڕینی گلێنەی چاو پێویستیان بە دەرەوەی وڵات هەیە. دواتر لیژنەیەکیان نارد و پشکنیان بۆ نەخۆشەکان کرد و گوتیان، لەنێوخۆی عێراق چارەسەریان دەکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بۆ ئەوانیش نەکراوە."
 
ئازاد مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئاگاداربوونی ئەو، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق هیچ نەخۆشێکی هەرێمی کوردستانی نەناردووەتە وڵاتانی دەرەوە.
 
پشکی هەرێمی کوردستان لەنێو بودجەی گشتیی عێراق بریتییە لە 23 تریلیۆن و 882 ملیار و 653 ملیۆن و 399 هەزار دینار، بەڵام دوای دەرهێنانی خەرجییەکانی حاکیمە و سیادی کە بەشێکیان بۆ دەرمانن، پوختەی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێتە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار.
 
لە بودجەی گشتیی عێراقدا لە چوارچێوەی خەرجی حاکمییەدا تریلیۆنێک و 651 ملیار و 864 ملیۆن و 216 هەزار دینار بۆ دەرمان دانراوە، لەو بڕە پشکی هەرێمی کوردستان 206 ملیار و 291 ملیۆن و 196 هەزار دینارە و پێش ناردنی دەرمانەکە لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بڕدراوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت

لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.