رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە بڕیاری بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و پۆرتوگال دەربڕی کە بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستین دا نا و هەنگاوەکەی بە "گەشەسەندنێکی گرنگ" لە پشتیوانیکردنی مافی رەوای گەلی فەلەستین وەسفکرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دووشەممە، 22ی ئەیلوولی 2025 رایگەیاند، کۆماری عێراق پێشوازی لە بڕیاری بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و پۆرتوگال دەکات بۆ ناساندنی فەرمیی دەوڵەتی فەلەستین و ئەم هەنگاوە بە گەشەسەندنێکی گرنگ دەزانێت لە پشتیوانیکردنی مافی رەوای گەلی فەلەستین و پاڵپشتیکردنی خەباتیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان کە پایتەختەکەی قودس بێت.
عێراق پێزانینی بۆ ئەم هەڵوێستە "بەرپرسیارانە و بوێرانە"ی ئەو وڵاتانە هەیە و پێیوایە، ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی نێودەوڵەتی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بۆ پشتگیریکردنی 'دۆزی رەوای فەلەستین' دەکاتەوە و داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات، هەمان هەنگاوی ئەو چوار وڵاتە بنێن و پەلە بکەن لە ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین، بۆ ئەوەی بگات بە تەواوی مافە رەواکانی بەپێی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ