دادگەی فیدڕاڵیی عێراق سکاڵایەکی دیکەی دژ بە باڵیۆزە نوێییەکان رەتکردەوە

23-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق دووەم سکاڵای پێنج وەزیری رێپێدراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی دژ بە دیاریکردنی 93 باڵیۆزی نوێ لەلایەن پەرلەمانەوە رەتکردەوە، لەکاتێکدا وادەی دانیشتنی تایبەت بە پێنج سکاڵای دیکەی دیاریکرد کە لە دژی هەمان بڕیار پێشکەش کراون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23ى ئەیلوولی 2025، دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی کرد، کە لەلایەن 5 وەزیری رێپێدراوی وەزارەتی دەرەوە تۆماریان کردبوو، داوایان کردبوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بەربژێرکردنی 93 باڵیۆز لە 22ى تەممووزی 2025 هەڵبوەشێننەوە.
 
دادگەی فیدڕاڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە بەبێ ئەوەی روونکردنەوە لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایە بدرێت.
 
شەوکەت سامەرایی، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەتکردنەوەکە رووکەشى بووە و پەیوەندی بە ناوەڕۆکەکەیەوە نەبووە و جۆرێکە لە راگرتنی سکاڵاکە، ئەو بڕیارەی دادگە پەیوەندیدارە بەوەی لەسەر هەمان دۆسیە سکاڵای دیکەى هاوشێوە هەیە کە تۆمار کراون."
 
رۆژانى 29 و 30ى ئەیلوول دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق  تاوتوێی پێنج سکاڵا دەکات کە لەلایەن نۆ راوێژکار و وەزیری رێپێدراوی وەزارەتی دەرەوە و 14 ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکراون.
 
سکاڵاکان لە دژی ئەو کۆبوونەوەیەى پەرلەمانی عێراق کە لە 26ى ئابی 2025 کرا و دەنگ بەو باڵیۆزانە درا، سکاڵاکاران داوای دەرکردنى فەرمانسالارییان کردووە بۆ راگرتنی رێکارەکانی دوای بڕیارەکەی پەرلەمان.
 
7ى ئەیلوول لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی لیستی یەکەمی باڵیۆزەکان دەرکرد کە 86 باڵیۆز بوو هەمان رۆژ دادگەى فیدڕاڵى یەکەم سکاڵاى لەدژى دانانى ئەو باڵیۆزانە رەتکردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە