رووداو دیجیتاڵ
لە نێو ماڵی سوننەدا ترسی پەرتبوون و لە نێوشیعەشدا چاوەکان لەسەر پارێزگا خاوەن کورسییە زۆرەکانی هەڵبژاردنن، نووری مالیکی جارێکی دیکە هۆشداری دا لە " پیلانگێڕی دژی عێراق" سوودانیش لە پارێزگا شیعەکان دەرچوو و لە سەڵاحەدینەوە بەڵێنی پرۆژە و "ئاوەدانی" بە خەڵک دەدات.
شیعە؛دابەشبوونی گوتار و جەخت لە گۆشە و رەهەندی جیاواز
هاوپەیمانی و لیستە شیعەکان لەو هەڵبژاردنەدا چاویان زیاتر لەو پارێزگایانەیە کە زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەیە، لەسەروویانەوە بەغدای پایتەختی عێراق، هەروەها هەندێک پارێزگای دیکەی کە مۆری سیمبولی و پیرۆزیی پێوە دیارە، لەوانە کەربەلا و بەسرە، ئەوەی روونە هەموویان چوونەتە نێو تووندترین رکابەری، دابەشیش بوون بەسەر لیستە کۆن و هاوپەیمانێتییەکانی دوو دەیەی رابردوو لەگەڵ هەندێک لیستی نوێی دەرکەوتوو کە چاویان لە کورسییەکانی ئەو هەڵبژاردنەیە.
ئەو لیستە شیعانە کە زۆربەیان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان نزیکەی 140 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، ئەو کورسییانە دەنگیان بەرزتر دەکات لە دیاریکردنی کەسێک بۆ حکومەتی داهاتوو، ئەوەش بەپێی دابەشکاری پۆست لەنێوان شیعە، سوننە، کورد، بەجۆرێک سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆککۆمار بۆ کورد و پەرلەمانیش بۆ سوننە.
بۆ شیعە بەغدا دەبێتە خاڵی یەکلاکەرەوە و چەقی ململانێ، لە پارێزگاکەدا نزیکەی 3 هەزار بەربژێر هەن لە لیستی جیاواز، پارێزگاکە 71 کورسی هەیە، نزیکەی 4 ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەر لەو پارێزگایەن، ئەو ژمارە گەورانە وایکردووە شیعە بەغدا بکەنە خاڵی یەکلاکەرەوە بۆ سەروسیمای حکومەتی داهاتوو و تەنانەت سەرۆکوەزیرانی داهاتووش.
دوای بەغدا رکابەری شیعەکان زیاتر لە بەسرە، نەجەف،کەربەلا دەردەکەوێت، ئەو چوار پارێزگایە پێکەوە زیاتر لە 7 ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەریان هەن کە دەکاتە نزیکەی ٪35ـی کۆدەنگدەرانی عێراق.
ئەوە لە بانگەشەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەرکەوت، رۆژی چوارشەممە نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانییەکە لەکەربەلا رووی لەدەنگدەران کرد و داوای کرد بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردن بکەن، مالیکی بێ ئەوەی وردەکاری ئاشکرا بکات باسی " پیلانگێڕی دژی عێراق " دەکات بۆ شکستهێنان بە پرۆسەی سیاسی.
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق داوا دەکات خەڵک پشت لە هەڵبژاردن نەکەن، چونکە هەر کێشەیەک بۆ هەڵبژاردن عێراق دەخاتە نێو پشێوی.
سەرەڕای جەختی شیعەکان لە هەندێک پارێزگا، بەڵام بەشێکیشیان بەرەو پارێزگا تێکەڵ و سوننەکانیش چوون، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەڵاحەدینەوە رایگەیاند: "لەو پارێزگایەوە پڕۆژەکانی گەشەپێدان بێ دواکەوتن جێبەجێکراون".
سوودانی باسی پڕۆژەکانی ئەو حکومەتە دەکات سەرپەرشتی کردووە و دەڵێ :"نەخۆشخانە و پڕۆژەی جیاوازمان لە دوجەیل، دۆرە،سامەڕاز و دووز" جێبەجێکردوون.
سوودانی لەگەڵ چەندین سەرکردە و سەرۆکی حیزبی دیکەی شیعە چاویان لەوەیە یەکەمی هەڵبژاردن بن، ئەو لیستە پشتئەستوورن بە کاری حکومەت لە سێ ساڵی رابردوودا، لە هەندێک بۆنەشدا رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر نەوت و هەناردەکردنەوەی بە دەستکەوتێک دادەنێن بەتایبەت کە کێشەکە چەند ساڵێک بوو لەنێوان حکومەتێکی ناوەندی و هەرێـمێکی ئەو وڵاتە بوو لە چوارچێوەی دەستووردا.
نزیکەکانی سوودانی و وەزیر وبەرپرسانی لیستەکەی " دڵنیا"ن لەوەی دەنگێکی باش دێنن لە هەڵبژاردندا، فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشبینی دەکات لیستەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و زۆرترین کورسی مسۆگەر بکات و دەڵێت، "راپرسییەکان وا دەڵێن و لە هەمان کاتدا لەنێو خەڵکدا بەهێزە".
جیا لە رکابەرییەکەی ئەو دوو سەرکردەیەی شیعە، لیستی دیکەش هاتوونەتە پێش، موحسین مەندەلاوی بە هاوپەیمانی ' ئەساس' لە هەڵبژاردن بەشدارە، 8 حیزبی بچووک لە خۆدەگرێت و سەرنجیان لەسەر دەنگی گەنجانە، هاوپەیمانی دیکەش هەن لەنێو شیعە، بەڵام زیاتر چاوەکان لەسەر رکابەرییەکانی چەند لیستێکە.
سوننەکان لە نێوان هەژموونی تەقەدووم و دەنگە نوێکاندا
سوننەکان لەو هەڵبژاردنەدا چوار هاوپەیمانی و حیزبی سەرەکیان هەن بەشدارن، تەقەدووم بەسەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی، سەروەری بەسەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، هەروەها ' تەفەوق بەسەرۆکایەتیی ئیبراهیم نامس.
رکابەری سوننەکان زیاتر لە ئەنبارە، لە نەینەواش بە هەمان شێوە، جگە لە هەندێک دەنگی دیکە لە کەرکووک و سەڵاحەدین و دیالە، ئەوان لەسەر کورسییەکانی گەورەترین پارێزگای عێراق لەرووی رووبەرەوە کەوتوونەتە نێو رکابەری تووند، هەریەکەیان پێیوایە ئەوان شایەنی زۆرترینی ئەنبارن، جگە لەوەش یەکدی تۆمەتبار دەکەن بە ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم بانگەشەکانیاندا.
ئەحمەد دلێمی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم دەڵێ سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدووم داوای لە پارێزگاری ئەنبار کردووە رەزامەندی گردبوونەوە و کۆبوونەوەی لایەنگرانی عەزم نەدات لە رۆژئاوای ئەنبار.' عەزم ئەوە بە پێشێلکاری دەزانێ.
دێسکی هەڵبژاردنی تۆڕی میدیایی رووداو قسەی لەگەڵ لایەنە سوننەکان کردووە، فرەلیستی سوننەکان ترسی ئەوەی لا دروستکردوون دەنگەکانیان پەرت بکات و کورسی و نوێنەریان کەمببێتەوە.''
محەممەد جبووری، گوتەبێژی پارتی تەقەدووم بۆ رووداو قسەی کرد و پێی وایە حیزبەکەی ئەو شایەنی ئەوەیە نوێنەرایەتی سوننە بکات و دەڵێ: "بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبێت لەسەر بنەمای لێهاتوویی و هاوبەشیی راستەقینە بونیات بنرێت."
ئەو پێی وایە حیزبەکە وەکو گەورەترین هێزی سوننی و کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەمێنێتەوە.
عەزم کە رکابەرێکی سەرسەختی تەقەدوومە لەوباوەڕەدایە نابێ خەڵک باوەڕی بە هەژموون و دەسەڵاتی یەک حیزب هەبێ. وەلید فەهداوی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێ: "ئەمجارە لە ئەنبار یەک حیزب حوکم ناکات، تەقەدووم 5 بۆ 6 کورسی کەم دەکات، بەڵکو هاوسەنگی بۆ پارێزگاکە دەگەڕێتەوە و حیزبەکانی دیکەش کورسی بەدەستدێنن".
لەنێو ئەو رکابەرییەدا هاوپەیمانێتییەکی دیکەش دەرکەوتووە هاوپەیمانیی تەفەوق ئیبراهیم نامیس سەرۆکایەتی دەکات،ئەو پێچەوانەی هەردوو حیزبەکەی دیکە دەڵێ: "پێویستە لەڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە جارێکی دیکە ببینە دەنگی خەڵکەکە و هەژموونی تاک حیزب کۆتایی پێبێت".
ئەنبار 15 کورسی هەیە ،10 حیزب و هاوپەیمانیی سوننە لەنێو کێبڕکێی دان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی.
عەممار عەزاوی، بەربژێر لەسەر لیستی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر بە رووداوی راگەیاند: "هەندێک دەستوەردانی سیاسی و هەژموون و دەستڕۆیشتووی تاک حیزب لە ئەنبار هەیە، پێویستە لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە کۆتایی پێبێت."
سەرپێچی کەمتر لە هەرێمی کوردستان؛ 309 سەرپێچی لە سێ هەفتەدا
هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێش چەند رۆژێک رایگەیاند 400 سەرپێچی تۆمارکراون و بەشێكیان پێش بانگەشە بوون، بەڵام بەپێی زانیاری هۆگر چەتۆ سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن 309 سەرپێچی لە سێ هەفتەی بانگەشە تۆمارکراون.''
بەراورد بە عێراق سەرپێچییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمترن، سێ لقی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان داتایان داوەتە رووداو کە لە سێ هەفتەدا تەنیا 45 سەرپێچی تۆمارکراون، لە هەولێر زۆرترین و لەدهۆکیش هیچ سەرپێچییەک تۆمارنەکراوە.
کەمترین سەرپێچی لە هەرێمی کوردستان هەیە،بەڵام بۆ کورد لەوە گرنگتر بەرزبوونەوەی دەنگەکانیەتی لەو ناوچانەی تێیدا رکابەری سوننە و شیعەی هەن، بەتایبەت لە کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە،بۆ ئەوەی دەنگی کوردیش نەفەوتێ ، حیزبە کوردستانییەکان داوای گەڕانەوەی ئەوانە دەکەنەوە لەدوای 2017ـەوە ئاوارەبوون،بەمشێوەیە شیعە خەمی لایەنی براوە و 'گەورەی'ـی هەڵبژاردنیەتی،سوننەش پەت و ناکۆک و تۆمەتبارکردنی یەکدی، کوردیش چاوی لە زیادکردنی نوێنەرانیەتی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ