حەشدی شەعبی: دوو لیوامان سێ جار بۆردوومان کراون

24-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەى حەشدی شەعبی عێراق رایگەیاند، بارەگاى دوو لیوایان لە بابل و ئەنبار سێ جار لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کراون و چەکدارێکیان کوژراوە و سێی دیکە بریندار بوون.
 
24ى کانوونى دووەمى 2024، دەستەى حەشدی شەعبی عێراق رایگەیاند، سێ جار هەردوو لیواى 46 و 47ى حەشدی شەعبی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرە لە جورف سەخر لە پارێزگای بابل بۆردوومان کراون.
 
دەستەى حەشدی شەعبی ئاماژەى بەوە داوە، بارەگاکانى فەوجى سێى لیواى 45ى حەشدی شەعبی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرە لە قائیم بۆردوومان کراون و بەهۆیەوە چەکدارێکیان بە ناوى عەلى ئەنوەر سەبیح ساعیدى کوژراوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپاى ئەمریکا دوو پێگەى کەتایبی حیزبوڵڵای عێراقیی سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بارەگایەکیان لە سنوورى ئەنبارە کە لە ناوچەى سیکەک لە شارى قائیمى رۆژئاواى ئەنبار، بارەگاکەی دیکە لە ناحیەى جورف سەخر بووە لە باشووری بابل.
 
دوای هێرشەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆن بۆ زنجیرەیەک هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەو هێزانەوە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات.
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەوەشی گوت، خۆی و سەرۆکی ئەمریکاش دوودڵ نابن لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە بەدوای ئەوەوە نین گرژییەکان لە ناوچەکە زیاد بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە