رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیێنێت، چەندین بەندکراوى گرتووخانەى ناسریە رووبەڕووى مەترسیی لەسێدارەدانى بەکۆمەڵ دەبنەوە، 13 کەس لە کۆتایی 2023 لەو گرتووخانەیە پێکەوە لەسێدارەدراون و شەوى بەر لە جێبەجێکردنى سزاکە ناویان لە بڵندگۆى ئەو گرتووخانەیە خوێندراونەتەوە کە بە "نەهەنگ" ناسراوە.
بەشێک لە بەندکراوان بەر لە لەسێدارەدانیان رێگەیان پێنادرێت پەیوەندى بە خێزان و پارێزەرەکانیانەوە بکەن. لە 25ـى کانوونى یەکەمى ساڵی رابردوو، 13 حوکمدراو لەو گرتووخانەیە لەسێدارەدراون، وەکو رێکخراوەکە باسی دەکات یەکەم پرۆسەى لەسێدارەدانى بە کۆمەڵەکە لە دواى 16ى تشرینى دووەمى 2020 ئەنجامدرابێت، ئەو کات، 21 کەس پێکەوە لەسێدارە دران.
هیومەن رایتس ۆچ داوای لە عێراق کردووە کە دەستبەجێ ئەو لەسێدارەدانانە رابگرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو سزایە.
سارە سونبور، لێکۆڵەرى کاروبارى عێراق لە رێکخراوى هیومەن رایتس ۆچ دەڵێت، "دەستپێکردنەوەى لەسێدارەدانى بەکۆمەڵ لە عێراق پێشهاتێکى مەترسیدارە، پێویستە لەسەر حکومەتى عێراقى کە دەستبەجێ جێبەجێکردنى ئەو سزاى لەسێدارەدانانە رابگرێت، ئەوە ستەمێکى گەورەیە کە کەموکورتیی دادوەرى تێدایە و تۆمەتباران لە دادگاییکردنێکى داپەروەرانە بێبەش دەکات."
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوەکە، ئەو لەسێدارەدانانەى کە لە 25ـی کانوونى یەکەمى 2023 جێبەجێکراون، مافى مرۆڤى سزادراوانى تێدا لەبەرچاونەگیراوە.
یەکێک لە بەندکراوانى گرتووخانەى ناسریە بە پارێزەرەکەى گوتووە، شەوى 24ى کانوونى یەکەم، ناوى ئەو 13 کەسەى بۆ رۆژى دواتر لەسێدارە دراون لە رێگەى بڵندگۆى گرتووخانەکەوە خوێندراونەتەوە، بەبێ ئەوەى بەر لە لەسێدارەدانیان رێگەیان پێبدرێت پەیوەندى بە خێزان و پارێزەرەکانیانەوە بکەن.
پارێزەرى ژمارەیەک لە بەندکراوانى گرتووخانەى ناسریە بە رێکخراوەکەى گوتووە، "ئەستەمە بتوانم رێگرى لە لەسێدارەدانى ئەو بەندکراوانە بکەم کە پارێزەریانم، نازانن کێ دەکرێتە ئامانج؟ لەسەر کام دۆسیە؟ بە چى هۆکارێک؟ کەى دەبێت؟ ناتوانم تەنانەت سەیرى دۆسیەکانیشیان بکەم، مانگێکە لە گەڕاندام و پەیوەندیم بە سەرجەم دادگەکانى عێراقەوە کردووە، بەڵام هەموویان پێم دەڵێن کە ناتوانن ئەو زانیارییانەم پێبدەن."
گرتووخانەى ناوەندیی ناسریە تاکە گرتووخانەیە لە عێراق کە لەسێدارەدانى تۆمەتبارانى تێدا جێبەجێ دەکرێت، گرتووخانەکە بە "نەهەنگ" ناسراوە، بەوپێیەى جێگەی ژمارەیەکى زۆر بەندکراوی تێدا دەبێتەوە.
هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاندووە، ساڵى 2017 دوو پرۆسەى لەسێدارەدانى بەکۆمەڵ لە عێراق ئەنجامدران کە سێ مانگ لەنێوانیاندا بووە و جارێکیان 38 کەس و جارێکى دیکە 41 کەس پێکەوە لەسێدارەدراون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەدواى ساڵى 2020 لەسێدارەدانەکان کەمتر بوون، بەڵام ئێستا رەوتەکە پێچەوانە بووەتەوە و ژمارەى ئەو بەندکراوانەى کە چاوەڕوان دەکرێت لەسێدارە بدرێن، دەگەنە نزیکەى هەشت هەزار کەس. ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە دۆسیەکانى تیرۆر.
لەدواى پەسندکردنى سزاى لەسێدارەدان لەلایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرییەوە، بڕیارەکان رەوانەى سەرۆکایەتیى کۆمار دەکرێن، لەدواى پەسندکردنى لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، سزاکە جێبەجێ دەکرێت.
پارێزەرى هەندێک لەو بەندکراوانە ئاماژەى بەوەداوە کە خێزانى بەندکراوەکان نازانن کە راستاندن بۆ سزاکانى سەریان کراوە یان نا، هەندێک لە بەندکراوان دەزانن کە چەند ساڵێکە سزاى لەسێدارەکانیان پەسەندکراوە، "لەوە دەترسن رۆژێک لە رۆژان لە بڵندگۆى گرتووخانەکە ناویان بخوێندرێتەوە."
بەپێى راپۆرتەکە، زۆربەى جار پرۆسەکانى دادگاییکردنى دۆسیەی تیرۆر لە عێراق پەلەى تێدا دەکرێت و پشت بە دانپێدانانێک دەبەستێت کە زۆرجار لەژێر ئەشکەنجەدایە و هەندێک جاریش دادگەکان پشت بە دانپێدانانێک دەبەستن کە "هیچ پاڵپشتییەکى نییە و ئەوە پشتگوێ دەخات کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێیان وەرگیراوە."
یەکێک لە ئەندامانی هۆزى دلێم بە هیومەن رایتس ۆچى گوتووە، سێ براى بە یاسای بنبڕکردنى تیرۆر بە لەسێدارەدان سزادراون و لە ساڵى 2015ـەوە لە گرتووخانەى ناسریەن، بانگەشەى ئەوە دەکات، تۆمەت بۆ براکانى "هەڵبەستراوە" لەدواى ئەوەى گوشارى گرووپێکى چەکداریان رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەى بیانکەن بە هاوبەش لەو کۆمپانیا بیناسازییەى کە خێزانەکەیان خاوەندارێتیى دەکات.
بەگوتەى دلێمى براکانى رووبەڕووى ئەشکەنجەدان بوونەتەوە و شەش مانگ جارێکیش رێگە بە دایکى و هاوژینى براکانى دەدرێت لە گرتووخانەکە چاویان پێیان بکەوێت.
رێکخراوەکە ئاماژەى بەوە داوە کە دۆخى نێوخۆییى گرتووخانەى ناسریە خراپە، لە ساڵى 2021ـەوە لایەنى کەم 96 کەس لە دۆخێکى خراپدا مردوون و 18 کەسیان لە چوار هەفتەى ئەو ساڵەدا بووە.
سارە سونبور هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ چەندین ساڵ عێراق یەکێک بوو لەو وڵاتانەى کە زۆرترین لەسێدارەدانى تێدا بوو لەسەر ئاستى جیهان، جێگەى نیگەرانیی زۆرە کە جارێکى دیکە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سزایە، لە برى رێوشوێنى چاکسازیی دادوەریى کە گەرەنتى دادگاییکردنى دادپەروەرانە بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ