هەفتەی داهاتوو هاکان فیدان سەردانی عێراق دەکات

24-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆدەبێتەوە.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وا بڕیارە رۆژی یەکشەممە 26-01-2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆببێتەوە.
 
سەبارەت بە سەردانی هاکان فیدان بۆ هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی 24-01-2025 بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری سەردانەکە نین و نازانن هاکان فیدان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات یان نا.
 
لە رۆژانی 22-24ی ئابی 2023 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، ئەمەش یەکەم سەردانی بوو بۆ عێراق دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە لە رۆژی 3ی حوزەیرانی 2023. پێشتر لە رۆژی 8ی کانوونی دووەمی 2017، هاکان فیدان وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا (میت) بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی حکومەتی تورکیا سەردانی هەولێری کردبوو. 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە 22ـی نیسانی 2024، لە چوارچێوەی شاندێکی باڵای تورکیا، بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێری کرد.
 
لە سەردانی شاندە باڵاکەی تورکیا بۆ عێراق 27 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە سەرجەم بوارەکاندا لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە واژۆکران، بەرچاوترینیان رێککەوتنی ئاو بوو.
 
دوای ئەو سەردانە، تیمی کاری هاوبەشی تورکیا بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەندامێتیی ژمارەیەک وەزارەتی پەیوەندیداری هەردوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی 27 رێککەوتننامەکانی نێوان عێراق - ئەنقەرە  پێکهات. 
 
جگە لە تیمی هاوبەشی تورکیا، لیژنەی باڵای ئەمنی نێوان هەردوو وڵاتیش چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە.
 
یەکەم کۆبوونەوەی شاندی باڵای ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا لە 2019 لە ئەنقەرە کرا. کۆبوونەوەی دووەم لە رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو. بۆ یەکەم جار لە راگەیێندراوی کۆتاییدا پەکەکە وەک "هەڕەشەی هاوبەش" ناسێندرا.
 
رۆژی 14ـی ئاداری 2024، سێیەم کۆبوونەوە لە بەغدا بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پەکەکەی خستە لیستی رێکخراوە قەدەخەکراوەکانی عێراق. کۆبوونەوەی چوارەمیش رۆژی 15ـی ئابی 2024 لە ئەنقەرە کرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە