رووداو دیجیتاڵ
پێشنیاز دەکرێت دامەزراندنى نزیکەى 16 هەزار کارمەندى دیکەى ئەمنى بخرێتە نێو بودجەوە، کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە خزمەت هەڵاتوون یان کۆلێژە سەربازییەکانیان بەجێهێشتووە. ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر دامەزراندنى 113 هەزار لەو کەسانە لە بودجە جێگەى کراوەتەوە، کە تایبەتن بە پۆلیس و سوپا و حەشدی شەعبی.
سەگڤان سندی، جێگرى دووەمى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: زیادکردنى ئەو 16 هەزار کەسە ئەوانەن کە بە "گرێبەست هەڵوەشاوەکان" ناودەبرێن و نەیانتوانیوە لەو ماوەیەدا کە بۆ پێشکێشکردنى داواکارى گەڕانەوە دیاری کرابوو، مامەڵەکانیان پێشکێش بکەن.
ئەو 16 هەزار کەسەى کە بڕیارە گەڕاندنەوەیان لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023 جێگیر بکرێت، سەر بە هێزەکانى پۆلیس، سوپا و حەشدی شەعبین.
سەگڤان سندى گوتى: "پێشتر بەبێ ئەو 16 هەزار کەسە، 113 هەزار کارمەندى دیکە کە هەمان دۆخیان هەیە، دامەزرێندراون."
"گرێبەست هەڵوەشاوەکان" بەو کارمەندانەى هێزە ئەمنییەکان دەگوترێت، کە لەدواى ساڵى 2014 و لەگەڵ هاتنی رێکخراوى داعش بۆ عێراق لە هێزە سەربازییەکان هەڵاتوون یان دەستبەردارى مەشقەکانیان بوون لە کۆلێژە سەربازییەکان.
تاوەکو 19ـى ئەیلولى 2022، ئەو کارمەندانە دەیانتوانى مامەڵەى وەرگرتنەوەیان پێشکێشی دەزگا ئەمنییەکان بکەن، کە بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنی کرا.
جێگرى دووەمى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "بەشێک لەو کەسانەى نەیانتوانیوە ئەو فۆڕمەى گەڕانەوە پڕ بکەنەوە، کوردن و پەیوەندییان پێوە کردووین، بەڵام ژمارەیان دیارنییە".
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 13ـی ئادار پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى پەسندکرد، کە بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 دەبێت، بڕەکەی زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ