ئەندامە کوردەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا: سەتان کوردی فەیلی قەرەبوو نەکراونەتەوە

24-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامە کوردەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، سەتان کوردی فەیلی پارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیان وەرنەگرتووە و وەزارەتەکە دەڵێت، پارەی پێویستیان لەبەردەست نییە.
 
عامر داوود فەیلی، ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، رۆژی یەکشەممە 24ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەیەک لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدایان کرد و سەبارەت بە کێشەی کوردانی فەیلی گفتوگۆیان لەگەڵ کردن.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، کوردانی فەیلی زۆر کێشەیان هەیە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراون؛ یەکێک لەوانە ئەوەیە، ژمارەیەکی زۆریان ئەو 4 ملیۆن دینارەیان وەرنەگرتووە کە دەبێت بە هەر خێزانێکی کوردی فەیلی بدرێت لە ئێرانەوە دەگەڕێتەوە.
 
عامر فەیلی دەڵێت، داوایان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە زانیارییان پێبدەن لەبارەی ژمارەی ئەو خێزانانەی تاوەکو ئێستا پارەکەیان وەرنەگرتووە بۆئەوەی لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەران کۆببنەوە و کێشەکەیان چارەسەر بکەن.
 
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی کوردانی فەیلی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، بۆ ئەو بابەتە پارەی پێویستیان لەبەردەست نییە.
 
سەبارەت بە پێدانی زەویی نیشتەجێبوون بە کوردانی فەیلیی گەڕاوە لە ئێرانەوە، عامر فەیلی دەڵێت، بڕیارەکە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە رێکارەکان لەسەرخۆن.
 
مادەی 17 لە یاسای رەگەزنامەی عێراقی ژمارە 26ی ساڵی 2006، ئاماژە بە گەڕانەوەی رەگەزنامەی عێراقی و هەڵوەشانەوەی بڕیاری ژمارە 666ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش دەکات، کە بەهۆیەوە کوردانی فەیلی ئاوارە و کۆچبەر بوون.
 
رۆژی 06-05-2023 ئازاد حەمید، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 500 هەزار کوردی فەیلی لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە رەگەزنامەیان لێ سەندرایەوە و گوتیشی، موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی نزیکەی 50-60 هەزار خێزانی کوردی فەیلی دەستی بەسەر داگیراوە و تائێستا گەڕاندنەوەی ئەو موڵکە گرفت و ئاستەنگی لەبەردەمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە