رووداو دیجیتاڵ
پێنج کەس بە تۆمەتى رفاندنى هاووڵاتیی پاکستانى لە عێراق بە شەش ساڵ بەندکردن سزا دران. تۆمەتبارەکان وێنەى رفێندراوەکانیان لە کاتى ئەشکەنجەداندا گرتووە و ناردوویانە بۆ کەسوکاریان.
سزادانى ئەو پێنج کەسە لەلایەن دادگەى تاوانەکانى رەسافەى بەغداوە بووە، چواریان پاکستانى و پێنجەمیان عێراقییە. ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق راگەیاند، "تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە وێنەى رفێندراوەکانیان لە کاتى ئەشکەنجەدانیان گرتووە و ناردوویانە بۆ کەسوکارەکەیان لە پاکستان بۆ ئەوەى لە بەرامبەر بڕێک پارە ئازادیان بکەن."
سزادانى ئەو پێنج کەسە بەگوێرەى چوار مادەى هەردوو یاساى سزادانى عێراق و یاسای بنەبڕکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بووە.
مادەکانى 47 بۆ 49ى یاسای سزادان، تایبەتن بە تاوانى بە کۆمەڵ و بەشداریکردن تێیدا، مادەى شەشى یاساى بنەبڕکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تایبەتە تاوانى رفاندن لەلایەن گرووپێکەوە و جگە لە سزاى بەندکردن، پێبژاردنەکەى دەگاتە 25 ملیۆن دینار.
ساڵانە نزیکەى 100 هەزار هاووڵاتیى پاکستانى شیعە بە مەبەستى سەردانی مەزارگە ئاینییەکان سەردانی عێراق دەکەن و هەندێکیان ناگەڕێنەوە.
لە 4ى تشرینى یەکەمى 2023، هەمان دادگە دوو پاکستانى بە تۆمەتى ئەوەى هاووڵاتیى دیکەى پاکستانیان لە عێراق رفاندبوو و دواتر ئەشکەنجەیان دابوون، بە 10 ساڵ بەندکردن سزادران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ