رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و باس لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت؛ "سەرۆککۆماری تورکیا لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان تێگەیشتووە.''
ئەمڕۆ (چوارشەممە 24-04-2024) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند ''رۆژی شەممەی داهاتوو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەی هەیە و تێیدا باس لە کێشە و گرفتەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێت.
بەگوتەی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات. شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی ''لە کۆبوونەوەی رابردوودا، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەکانی خۆی کرد و نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بوو.''
دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت 06-04-2024، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو. لایەنەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە گەرمی پێشوازییان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و خاڵەکانی رێککەوتنی هاوپەیمانییەکە کرا.
''ئەردۆغان لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان تێگەیشتووە''
رۆژی 22-04-2024، دوای 13 ساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە کۆمەڵێک دۆسیەوە، سەردانی بەغدای کرد. لەدوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەردۆغان سەردانی هەولێری کرد و زیاتر لە سێ کاژێر مایەوە؛ لەو ماوەیەدا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی ''پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان تەندروستە و سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر دەرخەری ئەوە بوو؛ لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان تێگەیشتووە.''
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، پرسی ئاو، ئاسایش و ئابووریی سێ دۆسیەی گرنگی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەردۆغان و بەرپرسانی هەولێر و بەغدا بوون کە ''بەردەوامیی سەردانەکان و گفتوگۆکردن لەسەر کۆی دۆسییەکان گرنگە.''
وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی ''لە کۆبوونەوەکان بڕیاردرا حکومەتی تورکیا خۆی لە چۆنیێتیی دابەشکردنی ئەو ئاوەی بەریدەداتەوە بۆ عێراق بەشدار بێت، بۆ ئەوەی بیانووی نەمێنێت کە لە عێراق ئاو بە شێوەیەکی ناتەندروست بەکاردەهێنرێت.''
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان دەروازەی نێوان تورکیا و عێراقە، ''دەبێ [هەولێر] لە تەواوی دۆسیە ئەمنی و ئابوورییەکان رۆڵی لە رێککەوتنەکاندا هەبێت.''
''رێککەوتن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن دەکرێت''
رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و تاوەکو ئەمڕۆ، پارتی رەتیدەکاتەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکات.
18ـی مانگی ئاداری ئەمساڵ، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەشداری لە هەڵبژاردنێکی "نادەستووری، نایاسایی و سەپێندراو دا" ناکات.
بەگوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتییە، زۆربەی تێبینییەکانی حیزبەکەی چارەسەرکراون ''هەندێک لە تێبینییەکانیش پێویستییان بە کات هەیە، بۆیە پێموایە رێککەوتنێک لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت. چاوەڕێی لایەنە سیاسییەکانین چی دەڵێن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ