دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى لە دژی کۆبوونەوەیەکى پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە

24-05-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى لەدژى یەکێک لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى عێراق رەتکردەوە کە تایبەت بوو بە دەنگدان بە هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان، بە پاساوى ئەوەى پرسەکە لە تایبەتمەندیى دادگەکە نییە. 

رۆژی 24ـى ئایاری 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى رەتکردەوە کە لەلایەن ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى سەربەخۆ لەبارەى کۆبوونەوەیەکى پەرلەمانى عێراق لە 26ـى ئادار تۆمارکرابوو کە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر هەموارى پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان.
 
پاساوى دادگە بۆ رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە ئەوە بوو کە لە "تایبەتمەندیى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق نییە". سکاڵاکە لە لایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارى سەربەخۆ پێشکێش کرابوو بە ناوى حوسێن عەلى سەعیدی کە پەرلەمانتارێکى سەربەخۆیە لە سنوورى پارێزگاى بابل.
 
لەو کۆبوونەوەیەى پەرلەماندا پشێویی دروست بوو، بەهۆى ناڕەزایی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆن لە هەموارى یاساکە، بەهۆیەوە ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانە کرانە دەرەوەرى هۆڵى پەرلەمان.
 
حوسێن عەلى سەعیدی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "تووشی سەرسوڕمان بووین کە دادگە لە رەتکردنەوەى سکاڵاکەدا دەڵێت: لە تایبەتمەندی دادگەکە نییە، ئەگەر دادگەى باڵاى فیدراڵى نەتوانێت پرسێکى دەستووریى وەک ئەوە تاوتوێ بکات، ئیدى پەنا بۆ کوێ ببەین؟".
 
بە گوتەی حوسێن عەلى سەعیدی، پێشتر دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵاى دیکەى لەبارەى دانیشتنى پەرلەمان وەرگرتووە و بڕیاریشی لەسەر داوە.
 
لە 27ـى حوزەیرانى 2016، دادگەى باڵاى فیدراڵى دوو کۆبوونەوەى خولى سێیەمى پەرلەمانى هەڵوەشاندەوە کە لە مانگى نیسانى هەمان ساڵدا کرابوون، کە یەکێکیان بەهۆى ئامادەنەبوونى رێژەى پێویستى پەرلەمانتاران و ئەوى دیکە بەهۆى روودانى پێشێلکاریى دەستوورییەوە بووە، هەرچەندە ژمارەى پێویستى پەرلەمانتاران ئامادە بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە