رووداو دیجیتاڵ
یادگاریی سەردەمی زێڕینی کشتوکاڵ ئێستا بۆ زۆرێک لە جووتیارانی عێراق تەنیا خەون و خەیاڵە. یەکێک لەو جووتیارانە، باسی رۆژانێک دەکات کە 45 دۆنم زەویی بەبێ هیچ مەرج و رێگرییەکی حکومەت دەکێڵا، بەڵام ئێستا بێ ئاوی وایکردووە حکومەت رێگەی پێنەدات لە 5 دۆنم زیاتر بەکاربهێنێت.
تاوەکو دۆخی ئاو باش بوو، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ژیانی ئەم جووتیارەی رازاندبووەوە. بەڵام کەمبوونەوەی ئاو، ئاژەڵی بۆ نەهێشتووەتەوە و کشتوکاڵەکەشی ساڵ لە دوای ساڵ بچووکتر دەبێتەوە.
عوبێد حەمزە، جووتیارە و بە نیگەرانییەوە بە رووداوی گوت: "ئەگەر ئاو نەبێت کشتوکاڵ کۆتایی دێت. بە چی کشتوکاڵ بکەم؟ ئایا بە ئاوی پیس و سوێر کشتوکاڵ دەکرێت کە هیچ ناڕوێنێت؟ دەبێت ئاوی شیرینمان هەبێت تا بتوانین سەوزە، باینجان، بامیە و تەماتە بچێنین. ناکرێت هەر لەسەر گەنم بژین. ئێستا ئەگەر یەکێک زەوییەکەم بکڕێت، کۆچ دەکەم بۆ قەزا، چونکە هیچم نەماوە."
کەمئاوی و وشکەساڵی بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی بەشێک لە گوندنشینەکان روو لە سەنتەری شارەکان بکەن، ئەمەش وایکردووە گوندەکان بەرەو چۆڵبوون هەنگاو بنێن.
پەیامنێری رووداو لە گوندی گورزییەیە، یەکێک لەو گوندانەی کە سەر بە پارێزگای بەغدایە. تاوەکو ئەو کاتەی دۆخی ئاو و ئاودێری لە گوندەکە باش بوو، نزیکەی 60 ماڵی تێدا دەژیان. بەڵام ئێستا، بەهۆی بێئاوییەوە، زیاتر لە 20 ماڵ کۆچیان کردووە بۆ قەزاکان و سەنتەری شاری بەغدا.
وەکو خەڵکی گوندەکەش دەڵێن، "ئەگەر دۆخی ئاو بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ژیان لە گوند بەبێ ئاو هیچ مانایەکی نامێنێت و چاوەڕوان دەکرێت گوندەکە بە تەواوی چۆڵ ببێت."
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی کەمئاوی، پێنجەمین کۆنفرانسی ئاو و تەکنەلۆژیا لە عێراق بەڕێوەچوو. حکومەتی عێراق رایگەیاندووە کە هەوڵی داوە سێ هەنگاوی سەرەکی بنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە:
- باشترکردنی دیپلۆماسییەتی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
- باشترکردنی شێوازەکانی بەکارهێنانی ئاو لە ناوخۆدا و، رێگریکردن لە بەکارهێنانی نایاسایی و سەرپێچی کردنە سەر سەرچاوەکانی ئاو.
خالید شمال، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، وەڵامی رووداوی سەبارەت بە ئاستی ئێستای گلدانەوەی ئاو لە عێراق دایەوە و گوتی: "گرنگ نییە بەدیاریکراوی ژمارەکە بزانین، بەڵام دەتوانم بڵێم کەمترین ئاستی گلدانەوەی ئاو لە ماوەی 80 ساڵی رابردوودا تۆمارکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک وەزارەت، بە شێوەیەکی بابەتیانە و شارەزایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەین و هەموو رێکارێک دەگرینەبەر. ئینشاڵڵا ئەم هاوینە بە سەلامەتی تێدەپەڕێت."
داتاکان وێنەیەکی روونتر و مەترسیدارتر دەخەنەڕوو. پێشتر لە خراپترین دۆخەکاندا، عێراق زیاتر لە 23 ملیار مەتر سێجا ئاوی گلدەدایەوە، بەڵام ئێستا، ئەو رێژەیە بە شێوەیەکی دراماتیکی دابەزیوە بۆ تەنیا نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجا، و کاریگەری و مەترسییەکانی ئەم دابەزینە "گەورەیە" بەڕوونی لەسەر ژیان و کەرتی کشتوکاڵی عێراق دەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ