رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری حکومەتی عێراق فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی عێراق کە کوردە خانەنشینکرا و پۆستەکەی لەلایەن کەسێکی بە رەگەز عەرەب پڕکرایەوە.
رۆژی سێشەممە، فەریق شەهاب زەنگەنە، فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی عێراق بەفەرمی پۆستەکەی رادەستی فەریق موهەنەد ئەسەدی کرد دوای ئەوەی رەوانەی خانەنشینی کرا.
بە گوتەی سەرچاوەیەک لە هێزی ئاسمانیی عێراق پێشتر بڕیابوو ئەو پۆستە بۆ فەریق شەهاب زەنگەنە درێژبکرێتەوە بەو پێیەی کورد هێشتا کەسێکی بۆ جێگرەوەی ئەو پۆستە نییە، بەڵام حکومەتی عێراق پۆستەکەی بە کەسێکی دیکە سپاردووە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، کە چەندین پۆستی دیکەی باڵا لە عێراق هەن، بەرپرسەکانیان کاتی خانەنشینیان هاتووە، بەڵام چونکە رێککەوتن هەیە، خانەنشین نەکراون، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق نەگەڕاونەتەوە بۆ رێککەوتن، گۆڕانکارییەکەی ئەنجامداوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە پۆستی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق پشکی کوردە و لەنێو کوردیش ئەم پۆستە لای پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام وەک ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، بەهۆکاری سیاسی رێگە نەدراوە ماوەی کارکردنی فەریق شەهاب زەنگەنە درێژ بکرێتەوە.
فەریق شەهاب زەنگەنە لەدایکبووی ساڵی 1962 ـە و لە ساڵی 2020 ـەوە بەفەرمی کراوەتە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ