رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی عێراق و زیان بە دوو سیستمی رادار لە بنکەکانی تاجی و ئیمام عەلی گەیشتووە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025 ـی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرد کە کرانەسەر سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی عێراق و گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکە سەربازییەکانمان رووبەڕووی دەستدرێژییەکی ترسنۆکانە و ناڕەوا بوونەوە لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کە زیانی بە دوو سیستمی رادار لە بنکەکانی تاجی لە سنووری بەغدا و ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار گەیاند".
بەگوتەی سوودانی، "هێزە چەکدارەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە خێرایی رووبەڕووی ئەو هێرشانە بوونەوە کە بنکەکانی دیکەیان کردە ئامانج و فڕۆکە دەستدرێژکارەکانیان خستنە خوارەوە".
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری هەواڵگری و ورد بکرێت بۆ زانینی رەهەندەکانی ئەو هێرشە درۆنییە.
سەربازگەى تاجى دەکەوێتە سنوورى بەغدا و 27 کیلۆمەتر لە باکوورى ئەو شارەوە دوور.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی حوزەیرانى 2025 سەعد مەعەن، سەرۆکى شانەى راگەیاندنى عێراق لە تۆمارێکى دەنگیدا گوتی: "درۆنێکى نەناسراو سیستمى چاودێریى سەربازگەى تاجى-ی بۆردوومان کردووە؛ درۆنێکى دیکە لەنزیک موەلیدەیەکى کارەبا کەوتووەتە خوارەوە؛ هەردوو هێرشەکەش زیانى گیانییان نەبووە."
سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران سوودانی رایگەیاند: "حکومەت بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ رووداوەکان کرد کە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراقی لەپێش هەموو شت دانا؛ سوپاسی هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان و دامەزراوە و سەرۆکایەتییە دەستوورییەکان دەکەین کە پشتیوانیی سیاسەتەکانی حکومەتیان کرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ