رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایدەگەیێنت، هاوئاهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا زۆر پێشکەوتووە و گەیشتووەتە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری.
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "کارەکان لەڕووی هاوئاهەنگییەوە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا زۆر پێشکەوتوون. کارەکان گەیشتوونەتە ئاستی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و دەستگیرکردنی داواکراوان. ئەمەیش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هەردوولا."
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق باسی لەوە کرد، داعش بەردەوام هەوڵدەدات بۆشایی و خاڵە لاوازەکان بدۆزێتەوە و هێرش بکاتە سەر سوپای عێراق و پێشمەرگە، "دەبێت هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆئەوەی ریشەکێش بکرێن."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2022-07-24 شاندێکی باڵای پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر پرسی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوانیان و هاوئاهەنگی کۆبوونەوە.
لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند، "ئەم کۆبوونەوەیەی ئێمە و برایانی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر گرنگ بوو. باس لە پێشهات و هەڵوێستەکان و ناوچە ئەمنییە هاوبەشەکان و جموجۆڵی تیرۆریستان کرا."
خەفاجی ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش و چەندین چالاکیی دیکە بکرێن.
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق گوتیشی، "ئێمە پێمانوایە باشترە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن، بە تایبەتی لەو ناوچانەی بایەخی هاوبەشیان هەیە و بۆشایی ئەمنییان تێدایە. زۆر گرنگە درێژە بەم چالاکییانە بدەین تاوەکو نوێبوونەوەیەک بێت و زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەین."
شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقی لە راگەیێندراوێکیدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، "بە مەبەستی باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و خورماتوو، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە یاوەریی فەرماندەی هێزی زەمینی، رۆژی یەکشەممە سەردانی مەڵبەندی هاوئاهەنگیی هاوبەشی خانەقینی کرد."
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی قەرەچووخ "زۆر گرنگ" بوون، چونکە زانیاریی هەواڵگری ئاڵوگۆڕ کرابوو و زانیارییەکان شیکرانەوە، "ژمارەیەک لە داعشەکان کوژران کە یەکێکیان خەریکی چاودێریکردن بوو، زیاتر لە هەشت ئەشکەوت وێران کران، ژمارەیەک چەک و کەرەستەی سەربازی دەستیان بەسەردا گیرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ