بانکى ناوەندیى عێراق رێنوێنیی نوێ بۆ فرۆشتنى دۆلار دەردەکات

24-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکى ناوەندیى عێراق رێنوێنیی نوێ بۆ بانکەکان تایبەت بە فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران دەردەکات.
 
بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق کە لە 23ى تەممووز ئاڕاستەى کۆمپانیاکانى فرۆشتنى دراو لە هەردوو جۆری ئەی و بی کردووە، لەپێناو ئاسانکاریی فرۆشتنى دۆلارى نەختینەیى بە گەشتیاران، رێگەیان پێدەدات کە هەژمارى بانکى بە دینار و دۆلار لە بانکى ناوەندیى عێراق بکەنەوە، ئەوەش بە مەبەستى بەشداریکردن لە دەروازەى ئەلیکترۆنیى کڕین و فرۆشتنى دراوى بیانى.
 
بەگوێرەى رێنوێنییەکان، دەبێت ئەو هەژمارانەى بانکەکان دەیکەنەوە بە دینار بێت، بەڵام راکێشانى تەنیا بە دۆلار دەبێت بە بەهاى 1310 دینار بەرامبەر دۆلارێک.
 
هەر بە گوێرەی رێنوێنییەکان، پێویستە بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى بانکەکە یان یاریدەدەرەکەى لەگەڵ یەکێک لە کارمەندەکانى ئامادە بێت بۆ راکێشانى پشکەکەیان لە دۆلار و پەنجەمۆر و واژۆیان پێ دەکرێت و ئەگەر پشکەکەشیان لە دۆلار لە ماوەى دوو رۆژدا رانەکێشا، پارەکە بە دینار دەگەڕێندرێتەوە بۆ بانکەکە.
 
ئەو رێکارەى بانکى ناوەندیى عێراق لەپێناو زیاتر خستنەڕووى دۆلارە لەڕێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار.
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەوە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار چووەتە سەرووى 150 هەزار دینار، لەکاتێکدا کە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندى 1310 دینارە بەرامبەر بە یەک دۆلار.
 
لە نۆى تەممووزى 2023، بە بڕیارى بانکى ناوەندیى عێراق ئەو دۆلارەى کە بە نرخى فەرمى بە گەشتیارانى دەفرۆشرێت لە دەروازە ئاسمانى و وشکانییەکان لە 2 هەزار دۆلارەوە زیاد کرد بۆ  3 هەزار دۆلار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە