رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند، نزیکەی یەک ملیۆن حەبی کاپتاگۆن لە بەغدای پایتەخت دەستی بەسەرداگیراوە و بەگوتەی هێزە ئەمنییەکان، حەبەکان موڵکی "بازرگانانی بیانی" بوون.
رۆژی دووشەممە، 24ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی مادە هۆشبەرەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزە عێراقییەکان بازرگانێکی بیانیان دەستگیرکردووە، کە بڕێکی زۆر لە حەبی کاپتاگۆنی لەنێو بارهەڵگرێکدا شاردبووەوە و پلانی هەبووە کە حەبەکان بەرەو پارێزگایەکی باکووری عێراق بگوازێتەوە."
دەستبەسەرداگرتنی ئەو حەبانە لە کاتێکدایە، رۆژی 16-7-2023، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای موسەننا دەستیان بەسەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگۆندا گرت و دوو رۆژ پێش ئەوەش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى مادە هۆشبەرەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى باندێکى بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەرى لە پارێزگاى موسەننا راگەیاند، کە دوو ملیۆن حەبی هۆشبەری کاپتاگۆنیان پێ بووە.
کاپتاگۆن مادەیەکی وزەبەخشە و لە شەڕی داعشدا لەلایەن چەکدارانەوە بەکاردەهێنرا. حەبەکە هێزێکی جەستەیی رادەبەدەر و توانای مانەوە بە چالاکی و بێ خەوتن بۆ ماوەی زیاتر لە سێ رۆژ دەداتە بەکارهێنەرەکەی.
نزیکەی 80٪ی مادە هۆشبەرەکە لە ناوچەکەدا، لە سووریا بەرهەمدێت و بە تورکیا، سووریا، عێراق، ئوردن، لوبنان و سعودیە بڵاوبووەتەوە.
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەری عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخی بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ