ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پارێزگاری نوێ هەڵدەبژێرێت

24-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمشەو ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کۆببێتەوە و پارێزگارێکی نوێ هەڵبژێرێت.
 
عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، رۆژی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە گوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، کاژێر 09:00ـی ئەمشەو ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کۆدەبێتەوە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەربژێرەکە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەبێت، بەڵام تائێستا بە فەرمی هیچ ناوێک پێشکێشی ئەندامانی ئەنجوومەن نەکراوە.
 
بە گوتەی عامر داود فەیلی، خواستی ئەنجوومەن ئەوەیە پارێزگار لەنێو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە هەڵبژێردرێت.
 
شەوی 3ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە دەنگدان عەبدولموتەلیب عەلەوی لە پۆستی پارێزگار لابرد و متمانەی بە حەیدەر موحان بەخشی.
 
پارێزگاری لەکارلادراو و جێگرەوەکەیشی، سەر بە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسان کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات.
 
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیێندراوێکدا ئەو گۆڕانکارییەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "هەموو جۆرە جووڵەیەک بۆ گۆڕینی پارێزگار رەتدەکەینەوە، بەبێ ئەوەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە فەرمی ئەو پرسە تاوتوێ بکات."
 
عەلی عیساوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ئەوکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر وادەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەن رانەگەیێندرابوو و ئەندامانیش ئاگادار نەکرابوونەوە. نە سەرۆکی ئەنجوومەن و نە جێگرەکەشی ئامادە نەبوون؛ ڤیدیۆی کۆبوونەوەکەمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بینی."
 
عەبدولموتەلیب عەلەوی، رۆژی 5ـی شوباتی 2024 وەکو پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردرا؛ فراکسیۆنەکەی لە کۆی 52 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، خاوەنی 9 کورسییە.
 
بەرەبەیانیی هەینی، 4ـی تەممووزی 2025، عەبدولموتەلیب عەلەوی لە راگەیێندراوێکدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای بۆ لابردنی، بە "نایاسایی و ناشەرعی" ناوبرد و گوتی، رێکارە یاساییەکانی تێدا پەیڕەو نەکراوە.
 
پارێزگاری لەکارلادراوی بەغدا رایگەیاند: "دووپاتی دەکەینەوە کە لەسەر جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانمان بەردەوام دەبین، کە بەپێی یاسا پێمانسپێردراوە."
 
پێشتر و لە 2ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا فەرمانێکی کارگێڕیی دەرکردبوو بۆ خانەنشینکردنی عەبدولموتەلیب عەلەوی، بە پاساوی ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە ئاستی یاسایی خانەنشینبوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە