رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانى تۆڕێک لە عێراق دەستگیرکران کە لەلایەن ژنێکەوە سەرپەرشتی دەکرا. تۆڕەکە پارەی بۆ چەند خێزانێکی پاشماوەی رێکخراوێکی "تووندڕۆ" لە هەردوو کەمپی جەدعە لە نەینەوا و هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستان کۆکردووەتەوە.
ئەو تۆڕە لە کەرکووک و سێ پارێزگای دیکەی عێراق کاریان کردووە.
ئاشکراکردنی ئەو تۆڕە لەرێگەی راگەیێندراوێکەوە بوو کە رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووز، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە بڵاوکرایەوە.
ئەو دەزگایە رایگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە کەرکووک، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنبار، چاودێریی تۆڕێکی نهێنیی داراییان کردووە کە لەلایەن ژنێکی دانیشتووی قەزای فەلوجەى سنوورى ئەنبار سەرپەرشتی کراوە و بەپێی مادەی 4ی تیرۆر دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ژنە تۆمەتبارەکە ئەرکی دابەشکردنی پارەی لەنێو کەمپەکانی جەدعە و هۆڵ لەئەستۆ بووە و لە رێگەیەوە هاوکاریی گەیاندووەتە چەند خێزان و ئەندامێکی پاشماوەى سەر بەو رێکخراوە تووندڕۆیە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ناوی رێکخراوەکەی ئاشکرا نەکردووە.
کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوایە و تایبەتە بەو خێزانانەی چەکدارانی داعش کە لە کەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێنرێنەوە.
یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو تۆڕە، بە هاوئاهەنگیی نێوان نووسینگەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە دیالە و نەینەوا، دەستگیرکراوە. تۆمەتبارەکە کە لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکراوە و بە "ئەبو عومەر قوڕەیشی" ناسراوە، پەیوەندیی بە هەوڵی راکێشانی چەند گەنجێکەوە هەبووە بۆ نێو رێکخراوەکە و پێشتریش مەشق و راهێنانی پێکراوە، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگەوە بۆ دەرچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ