محەممەد شیاع سوودانی 7 بەڕێوەبەرى گشتى دووردەخاتەوە

24-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیارى سەرۆکوەزیرانى عێراق، حەوت بەڕێوەبەرى گشتى لە پێنج وەزارەت و دەستەى دەروازە سنوورییەکان دووردەخرێنەوە.  ئەندامێکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمان دەڵێت، "یەکێک لەو بەڕێوەبەرە گشتییانەى دوورخراوەتەوە، دۆسیەى گەندەڵیى زۆرى لەسەرە".
 
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە لە 20ـى ئابى 2023، دەرکراوە، لەسەر رەزامەندیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەوت بەڕێوەبەرى گشتى لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.
 
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەى دوورخراونەتەوە، بریتین لە؛ محەممەد عەبد مزعەل، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پەرەپێدانى کێڵگەکان لە وەزارەتى نەوت، محەممەد حەنوون، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کەرتى تایبەت کە هاوکات گوتەبێژى وەزارەتەکە بوو، ئەیاد عوجاج، بەڕێوەبەرى ناوەندى نیشتمانى بۆ تاقیگەى بیناسازى لە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، حوسێن فەلیح، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى یەکى رەسافە، خالید جومعە، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى نەینەوا، یاسەمین ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تۆمارى خانوبەرە لە وەزارەتى داد و عەبدولکەریم کازم، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى یاسایی لە دەستەى دەروازە سنورییەکان.
 
24ـى ئابى 2023، باسم خەشان، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، محەممەد حەنوون لە وەزارەتى بازرگانى چەندین دۆسیەى گەندەڵى لەسەرە، یەکێکیان هاوردەکردنى گەنمى بەسەرچووە لە ئەڵمانیاوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە